بەیتی شێخ مەند و شێخ ڕەش

بەیتی شێخ مەند و شێخ ڕەش

ماڵی شێخ جافر، کە بنەماڵەیەکی خاوەن نان و خوانن، میواندارن و دەستێکیشیان بە هەژارانەوەیە. شێخ مەند کوڕی شێخ جافرە و کوڕێکی ڕێکوپێکی نێو هۆزە. ماڵی شێخ جافر لەگەڵ ئامۆزاکانیاندا نێوانیان ناخۆشە و شێخ ڕەش و شێخ هادی بەدوای شەڕ هەڵگیرساندن و ئاژاوە پێ گێرانیانن.
ماڵی شێخ جافر، سێ میوانیان هاتووە بە ناوی خاڵەند، خدر و ئەلیاس. شێخ جافر داوا لە مەند دەکات کە ئەسپەکانیان بلەوەڕێنێت، مەند گوێ لە قسەی بابی دەگرێت بەڵام دەبینێت هەموو گیای بەهار خەریکی زیکرن و جێگایەک بۆ پەت و سینگ داکوتان خاڵی نابینێت. ئەسپەکان بە برسی دێنێتەوە ماڵ. لە سەر داوای باوکی دیسان دەیانباتەوە بۆ لەوەڕ و دیسان بە هەمان شێوە بە برسی ئەسپە بۆرییەکان دێنێتەوە ماڵ. شێخ جافر سێ جاران بە مەند دەڵێت و مەند سێ جاران ئەسپەکان دەبات و ناتوانێت بیانلەوەڕێنێت و بە برسی دەیانهێنێتەوە:

ئاودێری دە دێمەکاران! شێخ جافر بابی فەقیر و هەژاران،
شێخ جافر سێ میوانی دەهاتن لەوان میوانی دە خاسە
ڕۆڵە مەندە مەندەی دە دوڕناسە،
ئەوان میوانانە بۆ بابی خۆت بناسە.
بابە یەکیان خاڵندە، یەکیان خدرە، ئەوی دی ئەلیاسە.
ڕۆڵە مەندە مەندە گیانە!
سەتی بۆرییە و بەستەزمانە،
پاکی مردوون لە برسانە،
لەو مەندەی دەنوورانییە! نەیدەکردەوە بێ‌عەمریی بابییە،
دەستی دەداوە داس و گوریسی،
هەر چوار قوڕنەی دنیایەی بە بۆرییان دەپشکنییە،
چەندی گیای هەوەڵ بۆهارییە، هەمووی دەسحێب دە زارییە،
دەکاتەوە زکری خالەقی جەببارییە،
جێگای پەت و سینگان خاڵی نییە،
بۆریەی دەهێنانەوە بە برسیایەتییە،
خۆ بەڵان دەیگوت: بابە! بەوەی کەم کە ڕەببی‌یە،
کە لەژووری سەرییە،
ئەمن چوار قوڕنەی دنیایەم بە بۆرییان دەپشکنییە،
چەندی گیای هەوەڵ بۆهارییە،
هەمووی دەسحێب دە زارییە،
دەکاتەوە زکری خالەقی جەببارییە،
جێگای پەت و سینگان خاڵی نییە،
بۆریەم دەهێنانەوە بە برسیایەتییە.
ئەوە شێخ جافر دەیگوت: ڕۆڵە مەندە!
مەندە گیانە! سەتی بۆرییە و بەستەزمانە،
پاکی مردوون لە برسانە.
لەو مەندی دە نوورانییە، دوبارە نەیدەکردەوە بێ‌حەمریی بابییە،
چوار قوڕنەی دنیایەی دەپشکنییە،
چەندی گیای هەوەڵ بۆهارییە،
هەمووی دەسحێب دە زارییە،
دەکاتەوە زکری خالەقی جەببارییە،
جێگای پەت و سینگان خاڵی نییە،
بۆریەی دەهێناوە بە برسیایەتییە.
دەیگوت: بابە! بەوەی کەم کە ڕەببی‌یە،
کە لەژووری سەرییە،
دوبارە چوار قوڕنەی دنیایەم دەپشکنییە،
چەندی گیای هەوەڵ بۆهارییە،
هەمووی دەسحێب دە زارییە،
دەکاتەوە زکری خالەقی جەببارییە،
جێگای پەت و سینگان خاڵی نییە،
بۆریەم دەهێناوە بە برسیایەتییە.

شێخ جافر کە ئەمە دەبینێت، ئەم کارەی مەند بە بێ‌گوێیی خۆی دەبینێت؛ تووڕە دەبێت و دەڵێت ئێرە یان جێگەی منە یان جێگەی تۆ. بۆیە وا چاکترە من لێرە بڕۆم. من تەمەنم گەیشتۆتە شێست و سێ ساڵ و زۆرم بەسەر دنیایەوە نەماوە. بەڵام مەند دەڵێت ئەوە لە دابونەریتی ئێمە دوورە، بۆیە تۆ بمێنەوە و من دەڕۆم. لە جوابەجەنگێیەکدا کە لە نێوانیاندا ڕوو دەدات، مەند کەشکۆڵ و گۆچانەکەی هەڵدەگرێت و دەڕوات. شێخ جافر دەزانێت کە کوڕەکەی زیز کردووە، داوا لە دایکی دەکات کە مەند بگەڕێنێتەوە:

ئەوە شێخ جافر دەیگوت:
ڕۆڵە تۆ کانی، ئەمن جۆمە
تۆ دانیشە و من دەڕۆمە.
ئەوە شێخ مەند دەیکوت بابە!
هەر لە زەمانی دەپێشینان تا زەمانی دەپاشینان نەمدەدی باب لەبەر کوڕیان بڕۆن،
هەر کوڕ لەبەر بابیان ڕۆیون،
ئەتۆ کانی، ئەمن جۆمە:
تۆ دانیشە و من دەڕۆمە.
ئەوە شێخ جافر دەیگوت:
ڕۆڵە مەندە من حومرم دەگەیی بە شێست و سێ ساڵییە،
نەمدیوە دوو مێگەلە کاوڕی قورس لە نواڵێکی،
دوو شێخی بەقەوەت لەسەر بەرماڵێکی،
ئەتۆ کانی، ئەمن جۆمە:
تۆ دانیشە، من دەڕۆمە.
ئەوە شێخ مەند دەیگوت:
بابە حومرم گەیوە بە چاردەی، پێی ناوە دە پازدەی،
نەمدەدی دوو شێری بەقەوەت لە لانێکی
دوو پادشای زۆردار لەسەر تەختێکی
ئەتۆ کانی، ئەمن جۆمە:
تۆ دانیشە، من دەڕۆمە.
ئەوە شێخ مەند دەستی دەدایە کەشکۆڵێک و دارعەساییە،
دەکەوتە بەر ماڵان، شێخ جافر پەشیمان دەبۆوە، دەیگوت:
دایکی مەندیم بۆ بانگ کەن،
 وێڕای کوێستان بەڕێی کەن،
مەندم زیز بووە، ئاشتی وەکەن.

دایکی مەند، دێت و داوا لە مەند دەکات کە ئاشت ببێتەوە و بگەڕێتەوە ماڵێ. ئەویش ڕوو لە دایکی دەکات دەڵێت لێم گەڕێیت چاکترە، چون ئەگەر لێم نەگەڕێیت نهێنییەکەت ئاشکرا دەکەم. دایکیشی تووک و نزای لێ دەکات و دەڵێت من نهێنییەک شک نابەم و بۆیە چی دەزانیت، ئاشکرای بکە. شێخ مەندیش دەڵێت ڕۆحی من لە دەروونتدا شایەت بووە کە تۆ و باوکم، لە کاتی کچینی و کوڕێنیتاندا، حەوت ساڵان پێش پێکگەیشتنتان، پێکەوە ژوانتان دەکرد. بۆ نیشانەی ڕاستیی قسەکانیشم، لەسەر کانیی بەر دێدا سێوێکی سوورتان پێکەوە گۆڕییەوە. دایکی مەند کە ئەمە دەبیستێت، نزای لێ دەکات کە شێخ هادی و شێخ ڕەش تینوو بە خوێنی ببن و مەند لە گەنجێتیی خۆی شادی نەبینێت:

دایکی مەندی دەهات دەیگوت:
ڕۆڵە مەندە! مەندی دەڕواڵە!
شیری ئەو مەمکانەت لێ دەکەمەوە حەڵاڵە
بە قسەی دایکت بگەڕێوە بەرەو ماڵە
ئەوە شێخ مەند دەیگوت:
دایە! بەوەی کەم کە ڕەببی‌یە،
کە لەژووری سەرییە،
ئەگەر لێم دەگەڕێی چاکە،
ئەگەر لێم ناگەڕێی
لە دیوانی خودا و پێغەمبەران
سوڕڕی تۆ دەکەمەوە ئاشکراییە.
ئەوە دایکی دەیگوت:
ڕۆڵە! ئەگەر سوڕڕی من نەکەیەوە ئاشکراییە،
ڕەببی بۆت نازڵ بێ شێخ ڕەش و شێخ هادییە،
بە خوێنی سەرت ببنەوە توونییە،
بە جوانیی خۆت نەبیەوە شادییە!
ئەوە شێخ مەند دەیگوت:
دایە تۆ کیژ بووی لەنێو کیژانە،
بابم کوڕ بوو لەنێو کوڕانە،
ئەوە ژوانوو دەکردەوە لە کانیلەی دەبەر ماڵانە،
یەکی سێوێکی سووروو دەداوە بە یەکتر بە نیشانە،
ئەمن حەوت ساڵ بوو ڕووحم لەسەر ئەنگۆی دەکردەوە سەیرانە.
خۆ ئەوە دایکی دەیگوت:
ڕۆڵە! وەکوو سوڕڕی منت کردەوە ئاشکراییە،
ڕەبی بۆت نازڵ بێ شێخ ڕەش و شێخ هادییە،
بە خوێنی سەرت ببنەوە توونییە،
بە جوانیی خۆت نەبیەوە شادییە!

شێخ مەند کەشکۆڵ و عەساکەی هەڵدەگرێت، پشت لە گوندەکەیان دەکات و بەرە لای شار ڕێگا دەگرێتە بەر. شێخ ڕەش و شێخ هادی خەریکی بژاری پەممۆن. شێخ ڕەش هێندە نیگایەکی ژاراویی هەیە، کە هەر لە بژارەکان دەڕوانێت، بژارەکە وشک دەبێت! شێخ هادی و شێخ ڕەش، مەند دەبینن کە بەرەو لای شار دەچێت. دەڵێن ئەگەر بچێتە نێو شار، دەیکەن بە گەورەی خۆیان و ئێمەیش دەبێت بچووکی ئەو بین. شێخ هادی بە شێخ ڕەش دەڵێت کە خۆیی لێ بکاتە مارێکی ڕەشی لغاو سپی، بە بەری پێیەوە بدات و سەری بە با بدات. شێخ ڕەش خۆی دەکات بە مارێک و دەچێتە سەر تاتەبەردێک. مەند لەگەڵ تاتەبەردەکە قسە دەکات و لۆمەی دەکات کە بۆ ئەو مارەی گرتووە. لەو کاتەدا شێخ ڕەش لێی دەردەپەڕێت و لێی دەبێتە بەرانێکی شین، شێخ مەندیش دەبێتە بەرانێکی زەربەش و تا دەمی ئێوارە پێکەوە شەڕ دەکەن:

ئەوە شێخ مەندە دەستی دەدا کەشکۆڵێک و دارعەساییە،
پشتی دەکردەوە ئاوەدانییە،
ڕووی دەکردەوە دە چۆلییە،
بەڵان دەڕۆیەوە بۆ لای شارییە
شێخ ڕەش و شێخ هادی بژاری پەممۆیان دەکرد
ئەگەر نەزەری دەکردە بژارێ، بژار سەری وشک دەبوو
پەممۆ زەنگۆڵ زەنگۆڵ عارەقی دەڕشتییە.
شێخ هادی دە شێخ ڕەشی دەکوتا دەیگوت:
کاکە ئەوە شێخ مەندی ئامۆزامانە، دەچتەوە نێو شارییە.
ئەوی دەکەن بە گەورە و ئەمە دەکەن بە چووکایەتیی وی‌یە،
نوێژکەرە، نوێژی ناچێ
خۆی لێ بکەوە بە مارێکی ڕەشی لغاوە سپییە
لێی بچۆوە دەپەڕەی تاتییە،
بە بەری پێیەوە دەوە تا نووکی سەری بە با دەییە.
خۆ ئەوە شێخ ڕەش دەبوو بە مارێکی ڕەشی لغاوە سپییە.
لێی دەچۆوە دە پەڕەی تاتییە.
شێخ مەند دەچۆوە سەر بەردی بەردە تاتییە،
دەیگوت: ئەرێ بەردی بەردەتاتییە!
تۆ ناترسی لە ڕۆژی قیامەتێ کە بتسووتێننەوە بە ئاگرییە؟
ئەوە ماری ڕەشی لغاوە سپێ چییە وەخۆت گرتییە؟
خۆ ئەوە بەردی، دە بەردەتاتی ڕێکی دەکوشی
شێخ ڕەش دەردەپەڕی، دەبۆوە بە بەرانێکی شین بەشی کەڵێنییە،
شێخ مەند دەبۆوە بە بەرانێکی زەربەشی کەڵێنییە
تا ئێوارێ لێکیان دەدا، هیچیان زەفەریان بە هیچیان نەدەبردییە.

شێخ ڕەش کە دەبینێت بە هێزی خۆی ناتوانێت بەسەر شێخ مەنددا سەربکەوێت، پەنا دەباتە بەر فێڵ و تەڵەکە. سوێندی بۆ دەخوات ئەگەر مەند، گیانی جەستەی جێ بهێڵێت و بڕوات قەندیلی لە بەهەشت بۆ بهێنێت، ئیتر قەستی جەستەی ناکات. مەند دەیەوێت لە بەهەشت قەندیلی بۆ بهێنێت کە شێخ ڕەش بە خەنجەر بەردەبێتە جەستەی مەند. مەند بە جەستەی بریندارەوە هاوار دەکات. نامەیەک دەنووسێت و بەسەرهاتەکەی تێدا دەگێڕێتەوە. دەیدا بە بای شەماڵ بیباتەوە بۆ ماڵە بابی:

ئێوارێ سوێندی بۆ دەخوارد بە سوێندی پیاوانە،
تەڵاقی بۆ دەخوارد بە تەڵاقی ژنانە:
ئەتۆ بە ڕووحانەت بچۆوە بەحەشتێ،
قەندیلم بۆ بێنە، ئەمن بە قالبی تۆ ناکەمەوە غەیانە
ئەوە شێخ مەند بە ڕووحانەت دەچۆ بەحەشتێ
ئەگەر قەندیلەی بۆ شێخ ڕەشی بێنێ،
شێخ ڕەشم زۆر بە فێڵە
 خەنجەری دمە بێڵەسێی لێدەدان بە فێڵە.
وەی هاوار، هاوار، هاوار، قالبم بۆوە بریندار!
کاغەزێکی نووسییە،
هاواری کردە زریانییە،
وەی زریانە هەوێکە!
ئەو کاغەزەی بەڕێ کە،
دایک و بابم حاڵی کە،
زریان دەیکوت: وەی شاسواری جوندییە!
پیر بووم تاقەتم نییە،
هاوار کە شەماڵییە،
شەماڵ دەهات کاغەزی دەڕفاند،

دایکی مەند کە بە هەواڵەکە دەزانێت، دەست دەکات بە هاوار و ڕۆ ڕۆ. شێخ برایم خاڵی مەند و شێخ هەمزەی ئامۆزای مەند دێن و دەڵێن تۆڵە دەکەینەوە. بەڵام شێخ ڕەش لە ترسان دەچێتە پشت ڕۆژ خۆی دەشارێتەوە. پرس دەکەن کە شێخ ڕەش عاشقی چییە کە بەوە لە پشتی ڕۆژ بیهێننە دەرەوە. دەڵێن عاشقی زیکرە. شێخ و مەشایخان کۆڕی زیکر دەبەستن. شێخ ڕەش بە نیگای شێخان ئاگری تێ بەر دەبێت و بەر دەبێتەوە و بە تیری مەند گرفتار دەبێت:

دایکی مەندیم لەبەر نانییە،
دەست دا بەو ڕانییە،
شێخ مەندم دۆڕاندییە،
حەک مووم بێ لە زبانییە،
دە هاواری مەندیم بێ، شێخ برایمی خاڵی بێ،
دە هاواری مەندیم بێ، شەمسی وا لە تەورێزێ
دە هاواری مەندیم بێ، شێخ هەمزەی ئامۆزای بێ،
دە هاواری مەندیم بێ، چاکی لە دۆڵ پەممۆیە،
دە هاواری مەندیم بێ، سەیدی دە ماوەڵۆیە،
دە هاواری مەندیم بێ، شەخسی لە بەرە جۆیە!
قوولە و هەڵڵا پەیدا بوو،کۆڕەی زکری گیرابوو.
شێخ برایمی خاڵی دەیگوت:
وە گەرم بێ هەڵوێژم،
 دونیای پاک تێک داوێژم، خوێنی مەند دەڕێژن؟
قوولە و هەڵڵا پەیدا بوو، شێخ هەمزەی ئامۆزای گوتی:
وە گەرم بێ هەڵبێنم. دونیای پاک داوێنم،
تۆڵەی مەندی دەستێنم.
شێخ ڕەش لە ترسان دەچۆوە پشت ڕۆژێ.
ئەوان شێخان، ئەوان مشایخان دەیانکوت:
شێخ ڕەش عاشقی چییە؟
دەیانکوت:
شێخ ڕەش عاشقی زیکرییە.
ئەوان شێخان، ئەوان مشایخان کۆڕی زکریان دەبەست و
شێخ ڕەش لەپشت ڕۆژێ سەری وەدەر دەنا،
ئەگەر نەزەریان دەکردەوە شێخ ڕەشییە،
شێخ ڕەشیش دەسووتا بەردەبۆوە،
بە تیری شێخ مەندی گرفتار دەبۆوە.


وەرگیراو لە گۆڤاری سروە:



نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

زمان- پەیوەندیی ڕەگی ڕابوردوو و ڕانەبوردوو لە زمانی کوردیدا ٣

دڵە دامەنی- دیوانی سەید یاقۆی ماهیدەشت، بەشی یەکەم