بەیتی ئاگر


١- لەسەر ئەو بڕوایەم کە بۆ پەروەردە بە زمانی کوردی، دەقێکی ئەدەبی، دەکرێت و دەبێت لە چەند ئاستی جیاوازدا و بە گرانیی جیاوازەوە لە باری وشە و ڕێزمان و شێوەی ئەدەبییەوە، لەپێش دەستدا ببێت. هەرچەند زۆربەی سامانی ئەدەبیمان شیعرە و شیعریش بۆ دەست لێدان نابێت، بەڵام بە بڕوای من دەکرێت هەندێک لە شیعرە درێژەکان کورت بکرێنەوە و لەو ڕێگەوە منداڵی کورد بە کاکڵەی بەرهەمە ئەدەبییەکان ئاشنا بکرێت. هەروەها دەکرێت و دەبێت کە چیرۆکە کۆنەکانی خانی و خانی قوبادی و شانامە و ... بە شێوە و ڕواڵەتی نوێوە و بە زمانێکی ئاسان بۆ ئاستە جیاوازەکانی لێهاتوویی زمانی، ئامادە بکرێن.
٢-  شێرکۆ بێکەس ئەگەر بەرهەمەکانی لە ئاستی جیاوازدا ئامادە نەکرێن، وەکوو کەسێکی پیرۆزی نەناسراو دەمێنێتەوە. هەروەها حەزی شێرکۆ بە چیرۆکنووس بوون و بە شانۆنامەنووس بوون، لە زۆرێک لە بەرهەمەکانی ڕا دیارە. زۆرێک لە بەرهەمەکانی شێرکۆ ئەو ئیمکانەیان هەیە کە بە ئاستی جیاواز لە بەکارهێنانی زمانی خودی شێرکۆوە، نوسخەی تریان لێ ئامادە بکرێت.
٣- چ خەتای خودی شێرکۆ بووبێت چ خەتای ئیدیتۆرەکانی، کتێبەکانی شێرکۆ پڕن لە هەڵەی خاڵبەندی و تایپیدا. لەم ڕووەوە، کۆبەرهەمە هەشت بەرگییەکەی شێرکۆ گەورەترین زوڵمی لە کۆی بەرهەمەکانی شێرکۆ کردووە. 
٤- پێداگریی شێرکۆ لەسەر کەڵک وەرگرتن لە شێوەزاری سلێمانی، گەلێک گرفتی خوێندنەوە بۆ کوردانی ناوچەکانی تر دروست دەکات. لە سەردەمانی کۆڕی زانیاریی کورددا، کە هێشتا ترووسکە هیوایەک بۆ پێکهاتنی زمانێکی یەکگرتووی ئەدەبی مابوو، مامۆستا تۆفێق وەهبی لەسەر دەنگی کلۆری /د/ی زاراوەی سلێمانی دوابوو و بە مەترسییەکی دانابوو کە ئەو دەنگە وشەکان بەرەو ئاقارێکدا ببات کە لێک نەگەیشتنی شێوەزارەکانی بەدوادا بێت. بۆیە بە بڕوای من لەم ڕووەیشەوە،  ئامادەکردنی نوسخەی ستاندارتر لە کارەکانی شێرکۆ، پێویستە.  
٥- لەم ڕۆژانەدا کە بڵیندگۆکانی داعش کەوتوونەتە بڵاو کردنەوەی دەنگۆی جەژن نەگرتنی نەورۆزی ئەمساڵ، بەیتی ئاگر وەڵامێکی پڕبەپێستی ئەو دەنگۆیانەیە. لێرەدا بەبێ دەستکاری لە زمانی شێرکۆدا، تەنیا شێوەی دابڕین و جیاکردنەوەی دێڕەکانی ئەو چیرۆکە شیعرەم گۆڕیوە. هیوادارم ڕۆحی شێرکۆم لێ نەڕەنجێت.


بەیتی ئاگر 
"چیرۆکە شیعر بۆ نەورۆز" 
 ـ ساڵ نییە پەل و پۆی درەختی گڕگرتوو، چراخان لە کەژ و دەربەندا ھەڵنەکا. ساڵ نییە ئەو گڕە چیرۆکێ بۆ عەشقی کاوەیەک نەنووسێ و بۆ مەرگی زوحاکێ دۆزەخێ دانەخا. ساڵ نییە ئەو گڕە ماڵ بە ماڵ نەگەڕێ و دەستی یاد بە سەری نەورۆزدا نەھێنێ. ساڵ نییە پشکۆی ئەو، ئەژدیھا کوێر نەکا و تاریکی ڕاو نەنێ.  
 ئەم "بەیت"ی ئاگرە، پشتاوپشت، دەماودەم ھاتووە. ھەر جارەی بە ئێسکی، کوڕێک و کچێکی "ئاسنگەر"  بڵێسەی خۆش بووە. دە ئێستەش گوێ بگرە بۆ بەیتێک لەم بەیتی دێرینی ئاگرە: 

سەردەمێک بوو، دنیای تاریک و نووتەک وەک ئەشکەوتی قووڵ و نسرمی بەسام، چۆکی ڕەشی دادابوە سەر گوند و شار و ڕەز و دێبەر و شەقام. گوڵەگەنمی چاو بەسەوزی ھەڵکۆڵراو، کوژراوی ناو برسێتی و قات و قڕ بوو؛ ماڵی ھەژار، لە خەم سیخناخ. کوانووی ھەژار، بێ پشکۆ و سارد و سڕ بوو. ھەر دەستەیەک لەدابەستەی ئەستەمووڵ، کۆشکیان پڕ و ورگیان پڕ و بەدەماغ [بوون]. ناو ماڵیان پۆشتەو پەرداخ [بوو]. ئەو سەردەمە نەھەنگەکان، نەھەنگی والی و سوڵتان، بەر سەرچاوە و بەر ڕووباری ئاوی ژینی کوردستانیان گرتبوو. ژەندرمەکان، مۆتەکەی ترس [بوون] و سواری سنگ و سواری دەنگ [بوون] و دەس بە نێزە، سەرشەقام و ناو کۆڵانیان گرتبوو. ئەوەی دەنگی لەبەر دەمی ژەندرمەدا ھەڵببڕیایە، ئەوەی لە سەگی سوڵتانیش یاخی بووایە، ئەوەی دەستی بۆ خەنجەری بەرپشتێنی ببردایە، [ژندرمە] زوو لە چینی ناو دیواریان گرتبوو. 
ئەو دەمە، زستانی شەوێکیان، وەیشوومە و بەفرانبار، زریانی بەلوورە ئاسمانی تاریکی لوول ئەدا و لە گڤەی پڕتاوی مێگەلی پەڵە ھەور ئەترسا و ڕای ئەکرد؛ بەرە و ژوور بەرە و خوار سەری خۆی ھەڵ ئەگرت. وژەی ناو دارستان، ڕێ و بانی چۆڵ و ھۆڵ، کەناری زێی ھەڵچوو، لێشاوی ملگرتوو بەرەو ناو شیو و دۆڵ، خەرەندەی بەھاژە و توڕەبووی کەف کردووی بێ سروشتی ترساو بوون. ئەو شەوە "ڕەواندز" ژنێکی غەمگین بوو [کە] لە نوێنی شەختەدا نووستبوو.
ئەو شەوە لە ژووری ماڵێکی قوڕینی بنمیچ و گوێسەوانە نزمدا، قوتیلەکەی بە دووکەڵ تەواو ڕەش‌داگەڕاو، ئەسووتا و شەوقێکی زەردباوی ئەدا لە ڕوخساری غەمگینی دوو برای "پیرباڵ" و "کاکە لاو":  دوو برای وەرزێڕی پێستی لەش وەک بەڕووی ناو ئاگر ھەڵقرچاو؛ دوو برای بەرچاو ڕوون، کاغەزنووس بەحەرفی حوجرەکەی لای مەلا؛ دوو برای داخ لەدڵ: بۆ تۆڵەی باوکێکی بە دەستی ژەندرمە تا سێ ڕۆژ، لەچەقی مەیداندا سەرەو خوار ھەڵواسراو. ئەو شەوە، جووت برا بەڵێن و بڕیاری دوو کاری زۆر گەورە و سامناکیان بەیەک دا:
ـ مانگێکی تر، زستان وەکوو پیرەمێردێ دەم و دانی ئەکەوێت و سەری لە گوێ قەبر ئەلەرزێ. مانگێکی تر سەرما ئەمرێ؛ گوڵی کێوی بە لاسکی پەنجە سەوزەکەی، بەفر لەسەر خۆی لا ئەدا و دوور و نزیک چاو لە شوانی گوند دائەگرێ. بەھار دێت و لە دەرگای حەوشەمان ئەدا و ئەگری و ئەڵێ: کێ بێ گڕی کوژاوەی چاوەکانی من ھەڵکاتەوە و تا سەر لووتکەی دەسم بگرێ؟! کێ بێ نەورۆزی زیندانیم ئازاد بکا و بە دەنگی بەرز، لاوکی سوورم بۆ بڵێ؟
-ئەی گڕی جەژنە سەوزەکەم! بەڵێن ئەدەم من ئەو کەسەم، مانگێکی تر لەسەر بانێژەی ماڵەکەم ئەتکەمەوە و لەبەر چاوی ژەندرمەکان کڵپەت ئەگەیێنمە ئاسمان.  
 ـ یاخی بوونە لە تاریکی. خەنجەر کالان بەجێ دێڵێ. شەختەی بێدەنگی ئەشکێنم. ئەو وەختەی تۆ ئاگر ئەکەیت بە گژ شەوا، منیش ئەچم، بێ ترس ئەچم لەسەر قەدە ئەستوورەکەی سوورە چناری گۆڕەپان بەکوێرەخەتی دەسخەتم   بە گەورەیی، ناوی "کاوە" و وێنەی چەکوشەکەی دەستی ئەنەخشێنم؛  دەور و بەری سوورەچنار وەک ڕۆژ ڕووناک ئەکەمەوە؛ بە ھاواری کاوە و نەورۆز ئەم سەر ھەتا ئەو سەری شار ئەخرۆشێنم.
* * * 
 ئەو مانگە تێپەڕی و زستان مرد. دوو برای دەروون پڕ، لەسەر تێز چاوەڕوان، گفتاریان شەقاوی ھەڵھێنا بۆ بڕیار ئەنجام دان. ئەو ساتەی زەردەپەڕ لە ھەوری مەیلەوئاڵ، کەژاوەی ئێوارەی بۆ جوانی کرد بەماڵ، ئەوساتەی ناو باخ و بێشەڵان بە دوا تیشک، سەر لق و گەڵایان ھەزاران ڕەنگیان گرت، ئەو ساتەی ئاوێتەی ڕووباری لە دوور دیار بریقەی بەشەوقی گڕێک ئەیدا لەچاوی بن بنار، ئەوساتە، کاکە لاو لە حەوشە، لە ھەیوان، لە چیلکە و چەوێڵ و بڕەدار چی ھەبوو بە باوەش سەری خست بۆ سەربان. لیژنەدار لەسەر یەک، ئەوەندەی باڵای خۆی کۆمەڵ بوو. بۆ ئاگر تێبەردان بنەوەی پووشوو بوو. لەسەر چۆک دانیشت و پزیزکی "بەردەستێ" پووشووی گرت. تەنێوە، تەنێوە تا سەرێ. بڵێسەی بەلرفە و بەشاڵاو، چناری ئاگر بوو؛ تا ئەھات بەرە و ژوور ھەڵئەچوو.
 خرۆشا ناو شار و  ھەر سەر بوو لە دەرگا و پەنجەرەی ماڵەوە، ھاتنە دەر. دەنگە دەنگ...چی ڕوی دا؟ چی قەوما؟ شڵەقا گۆمی مەنگ. وەک لاولاو، ئاگری نەورۆزی کاکەلاو، لە شاردا دەست نەما سەرنجی لە باڵای نەئاڵێ. وەک پشکۆش دڵێکی ڕەش نەما بە چزەی ئازاری تا سەر ئێسک کونکەری، تل نەدا و نەناڵێ.
 لەو لاوەیش پیرباڵ وەک سمۆرە بە قەدی لووسی چناردا ھەڵگەڕابوو؛ لەسەر لقێکی دووفاقە ھەڵکورمابوو. بە کوێرە خەتی "حوجرەی کۆن"، بە حەرفی گەورە و خواروخێچ نووسی: کاوە؛ نووسی: نەورۆز. لەپاڵیدا وێنەی چەکوشێکی کێشا بە دیمەن ئێجگار ناقۆڵا. بەکوێرە خەت بوو بەئاڵا. 
کە ھاتە خوار، ئەمیش لەسەر سەکۆ گەورەکەی گۆڕەپان، بەرامبەری باڵە خانەی تەختەبەندی جێگرەکەی والی و سوڵتان، داروباری کۆ کردەوە. ئاگرێکی وەک ئاگرەکەی کاکەلاوی لێ کردەوە.  
 کاتێ بە دەم کزەی باوە، کە شەوقی ئاڵی کڵپەدار ئەیدا لە باڵای بزورگی سوورە چنار، ناوی نەورۆز، ناوی کاوە وەک مانگی ناو پەڵە ھەور، جارە ناجار ون ئەبوون و دەر ئەکەوتن؛ بەسەر پەیژەی بڵێسەدا بۆ کوشتنی تاریکە شەو سەر ئەکەوتن.  
شار ڕاچڵەکی.  کۆڵان کۆڵان، گەڕەک گەڕەک، دەرگای حەوشەی خڕ داخراو، کەوتنە سەر پشت. ھاتنە دەرێ ورد و درشت. وەک گۆمی مەنگ، خەڵکێکی زۆری حەپەساو لەدەوری ماڵی کاکەلاو لەدەوری سوورە چنار و سەکۆی گەورە ئەڵقەیان بەست. خڕ بوونەوە. چاوێکیان کرد بەچوار چاو و ورد بوونەوە. ھەر سەر بوو ئەنرا بە سەری تەنیشتەوە. چرپەی پەناگوێی نەھێنیی سەرسوڕھێنەر، لەم پەڕەوە ھەتا ئەو پەڕ، یەکە یەکە ئەڕۆیشت و ئەگەیشتەوە. دوو ئاگرەکەی جووتە برا لە ژووری دڵی تاریکی ئەو خەڵکەدا، بوون بەچرا.  
 ئەم ھەواڵە گڕ گرتووە وەختێ فڕی و خۆی کرد بەناو سەرا و قشڵەی ژەندرمەدا، ڕاڕەو و داڵانی تاق تاق، دوور و درێژ پێکدا ئەھات.. جمەی ئەھات. تەقەی پاژنەی خێرای پۆستاڵ -بن بزمارڕێژ- جیڕە جیڕی دەرگای ژوور و قڕەقڕ و کۆکە کۆک و بانگ کردن و جنێودانی کوردی و تورکی و شڵەژان و سەرسم دان و ژاوەژاویان، لە گێژەنی ترس و بیمدا، بۆ خوێن ڕشتن پەنگی ڕقیان ئەخواردەوە.  
* * * 
 لە بنەبانی داڵانی سەرەوەشدا، لە ژوورێکی فراوانی بنمیچ بەرزی پڕ قەنەفە و پڕ فەرشدا، لەسەر کورسییەکی کەتەی   پاڵپشت و دەسک نەرمدا، ڕوو لە پەنجەرەی بە پەردەی ئەتڵەسی سەوز داپۆشراو، نزیک کوورەی ناو دیواری بەحاڵ گڕ لە پشکۆ ھەستاو، جێگرەکەی والی و سوڵتان، پەپاغ لە سەر -برۆ پڕی، لچ ئەستووری، دان ئاڵتوونی، ڕوخسار ترشاو- دانیشتبوو. لەناوەڕاستی ژووریشدا، سەرەک ژەندرمەی ورگ زل، چوار پەل قەوی، کەللە بەران، ڕاوەستابوو.  نقە و ھەناسەی لە سنگی خۆی بڕیبوو؛ گوێی بۆ فەرمانی سەرکردەی دەم کەف کردوو ڕاگرتبوو. 
 ـ تۆ پێم بڵێ لە کەیەوە بۆرەپیاوی ئەم شارە وایان لێ ھات لە فەرمانی "بابی عالی" یاخی بن؟! چۆن توانیان.. چۆن ئەوێرن  وا بێباک دەست بۆ مشتووی خەنجەری تۆڵە بەرن؟ ئەی ئێوە چین؟! بەردن؟ دارن؟ بتن؟ کەرن؟ بارگیرن؟  ئەوەتا وا ئاگرپەرست، نەوەی شەیتان، دز، جەردە بەئاشکرا بەر دەروازە و ڕێی سەرامان پێ ئەگرن! ئاگر و دووکەڵ ئەکەن بە گژ پەڕە و حەرفی قوڕئاندا؛  شیر ھەڵئەبڕن لە ڕووی پایە و  تەخت و بەختی سوڵتاندا! گوێم ڵی بگرە! تا چوارمێخەی ئاگرپەرست نەکێشن من نامەوێ جارێکی تر دوور و نزیک بمبینن!! 
 ھەر ئەو شەوە ژەندرمەکان وەکوو کوللە، وەک واشە، دوو دوو..سێ سێ، دەس بە سونگی، بەپڕتاو ڕژانە ناو گۆڕەپان و سەرشەقام. ڕێگەی پرد و باخ و چەم و دەوری شار و قوتکەی بەرز و یاڵیان گرت. ھەر ئەو شەوە، ھێشتا گڕی ئاگرەکەی جووت برا لەسەر بان و گۆڕەپاندا ئەسووتا. کە گەیشتن فێ‌گرتووانە، شێت و ھار  بە پێ‌لەقە بە سەتڵە ئاو گڕی ئاگر و بڵێسەیان تەواو دامرکاندەوە. بە دەم نووکە شەقی قین و بوغز و جنێو دانەوە: پەرش و بڵاو سەرە بزوتک.. کەڵە پشکۆ. لەجێی کڵپە، دووکەڵی ڕەش پێچاو پێچ سەری خەم و نوشوستی خۆی ھەڵ ئەگرت [و] دەنگ و باسی دوو ئاگرەکە و جووت برای بۆ ھەوری سەر ئاسۆی دوور و  بە ھەواری کۆچەرەکان ئەگەیاند. 
 ھەر ئەو شەوە، لەپشتەوە باڵی جووت برا بەستران. بە دەم زرمەی شەق و دۆنکی و تێڵاوە، لەش خوێناوی بۆ زیندانی شەوەزەنگ بران. بە فەرمانی پەپاغ لە سەر، جاڕچی ھات و جاڕی ئەدا: 
 ماڵی پیرباڵ و کاکەلاو لەگەڵ ئەرزا تەخت کرا.  شوێنەواریان کرد بە کولانە بۆ سەگ و توولە و تانجیی ماڵی پاشا. 
 ھەر ئەو شەوە، بە تەورداس کەوتنە وێزەی سوورە چنار؛ لە ڕەگەوە دەریان کێشا؛ لەت‌لەتیان کرد؛ کۆمەڵ کۆمەڵ، بە شان بردیان بۆ دارەڕای تەویلەی نوێی قشڵە و سەرا. ھەر ئەو شەوە درەنگانێ بە فەرمانی پەپاغ لەسەر جاڕچیی پەپوو ھاتەوە دەر. ئەمجارەیان جاڕێکی دا [کە] چزە و کسپەی لەدەروونی عاشقانی ئاگر ھەستان. کە ئەیقیڕان: 
 جووتە برا لە دار دران! 
بەیانی کە شاری گریاوی قژ ئاڵۆز ئەستێرکی خوێنینی چاوانی ھەڵھێنا، دوو سەری بڕراوی خۆی بینی. بەیانی کە ھەتاو ڕێی کەوتە ناو شار و چووە سەر سەکۆکەی گۆڕەپان، لەناکاو کەوت بەسەر دوو لاشەی عاشقی پڕشنگیا و زۆر گریا! ئەوەتا وا ئێستە بە دەرگای سەراوە، پیرباڵ و کاکەلاو دوو جەستە و دوو لاشەی سارد و سڕ چون بەفرن. بەڵام بۆ جەژنەکەی دڵداران دوو گیانی سەوزن و دوو ھەڵۆی ئاگرن. ئەوەتا وا ئێستە شەماڵێ ھەڵیکرد؛  بەپەنجە ئەسپایی کاکۆڵیان لا ئەدا و تەوێڵیان ماچ ئەکا. ئەوەتا بەچرپە بۆ گەڵای درەخت و بۆ مەل و بۆ شەپۆل مەرگی سوور باس ئەکا. ئەڕوات و سەر ئەکا بە ھۆبەی ڕەوەندا. ئاگریان خۆش ئەکا و ھەواڵی شارەکەی دوو برای نەورۆزیان پێ ئەڵێ. ئەڕوات و جارە جارە چنارێ ڕای ئەگرێ؛ شەماڵە و ئەم بۆنی کاکۆڵی ئەوانی لێوە دێ.  
 ئەوەتا وا ئێستە ھەورێکی زۆر چڕی ھێناوە ئەم ھەورە. لەدوورڕا ھاتووە و ماندووە. ئەم ھەورە گێنگڵی ژانێکی بەتاوە. ئەم ھەورە لە گڕی ئاگرەکەی جووت برا کەوتەوە؛ لەو زاوە. ھاتووە و بۆ دوا جار برایان ببینێ. ھاتووە بۆ دوا جار دەمی عەشق بنێتە ناو دەمیان.
ئەوەتا وا شوانی نوقم بووی تا ئەژنۆ لە یاددا، بەرەو ژوور ئەڕوات و قۆڵی کردووە بەقەفی گۆچانی سەرشاندا. ھەنگاوی خەماویی وەردی تەڕ ئەشێلێ. ئەو ئەڕوا و پەلکە گیای بەر باران، لاسک جیڕ دێتەوە شوێنی خۆی، بێ ئەوەی نیشانەی ڕێگەیەک جێ بھێڵێ.  ئەوەتا ورد ئەڕوا و گۆرانیی بارانە بۆ کۆچی سوور ئەڵێ:  
"باران بارانە، ھۆرەی بارانە     ھۆرە بۆ کۆچی سووری یارانە  
باران بارانە شەستە بارانە       چاوی ئەو کەژە زنەی گریانە  
باران بارانە ڕیزە بەڕیزە          ئەوەتا چاومان وا لە ئازیزە  
باران بارانە نەرمە بارانە         کۆچی بێ وادەی سووری یارانە" 
* * * 


ڕۆژ ھات و چوو. کارەساتی جەژنی کوژراو، سیمای پیرباڵ و کاکەلاو ون نەئەبوون لە خەیاڵدا و جێیان نەھێشت سۆمایی چاو. لەناو ژووردا، لە ھەیوان و حەوشەدا، ئەبینران؛ ئەھاتن؛ ئەچوون. لە کێڵگەدا تۆویان ئەچاند. ئاوی جۆگەیان ھەڵئەگرت. لەگەڵ منداڵی گەڕەکدا، ڕایان ئەکرد؛ بازیان ئەدا؛ پێئەکەنین. شەوی ھاوین، لەنێو پەل و نێوان گەڵای درەختەوە، مانگ دەموچاوی ئەوان بوو. لێو بەخەندە دەر ئەکەوتن. شەوی پایزیش لەخەونی ئاشنا و ڕۆشنا و ھاوڕێدا، گەلێ جار ئەبوون بە دوو مەل، باڵیان سوور و بەرسنگ سەوز و لەسەر بەفری دوورە لووتکەی بەر زەردەپەڕ ھەڵئەنیشتن. 
* * * 
ئەگەر چی ئەو ساڵە ھەڕەشەی ئاگر و ئاسنی ژەندرمە بە پەت و مێخ‌کێشان، بە زمان لە بندا بڕین و بە سونگی و بە قەمە، مۆتەکەی ژیانی سەرسنگی خەڵکی بوون -تاقیبی بەردەوام: چیتان کرد؟ لەکوێ بوون؟! بۆچی چۆن؟- ئەگەرچی ھەندێ کەس بۆ پاشا بوون بە ورچ، بە مەیمون، بە سەگی چوارچاو و لە شەودا خۆیان کرد بە خێو و جنۆکە [و] بە درنج؛ بەڵام ڕێی ھەتاوی پیرباڵ و کاکەلاو، ئەو زەنگەی پار نەورۆز لێیان دا، تاریکی نەیتوانی قووتی دا و ھەڕەشە نەیتوانی کپی کا!
بەرداشی ساڵ سووڕا. وا نەورۆز خەریکە جارێ تر سەر بدات و بێتەوە. نزیکە کراسی گوڵاڵە لە بەر کا. نزیکە دەسماڵی وەنەوشە بە شانیا بدات و کڵاوی نێرگز و گەزیزە لە سەر کا. نزیکە و بە سەردان جووت برا دێنەوە؛ ماڵ بەماڵ ئەگەڕێن تا جەژن ئەڕوات و ئەوساکە ناوەستن؛ ئەچنەوە! 
بە دوو ڕۆژ پێش ئەوەی کە نەورۆز بێتەوە، لە شاردا ماڵە و ماڵ بانگێکی نەھێنیی دەماغ و دەمامک ھەڵبەستوو ئەگەڕا. بانگ وەکوو ھەرێز و پەڵە ھەور تەنێوە. بانگ ئەی وت: بۆ ئەوەی کە نەورۆز بڵێسەی بەرزتر بێتەوە و نەکوژرێ، با چاوگی ئەو گڕە "بیرمان "بێ. بۆ ئەوەی درەختێ کە ناوی کاوەی لەسەر بێ و بمێنێ، با ڕەگی ئەو دارە بنج‌بەستی دڵمان بێ. بۆ ئەوەی کە گیانی پیرباڵ و کاکەلاو شاد بکەین، با ھەموو، ھەر ھەموو ببینە ھەزاران پیرباڵ و کاکەلاو؛ تا بچین بە باوەش ھەتاو و نان و گوڵ بێنین و بیدەین بە، ھەژاری ڕەنج خوراو.  
کەژاوەی ئێوارەی نەورۆزی سەوز ھات. ھێشتا خۆر چەند ڕمێ بەرزتر لە کەنار خۆرنشین، وەک دەمی تەندوورێ ئەسووتا. شار کڕ بوو. بێ دەنگی گۆمێک بوو زۆر سامناک. ھەر کە خۆر یەک دوو ڕم چووە خوار، ئەنگۆرە دەرکەوت و تاریکی حوچێ بوو، بازی دا و بە گوڕ ھات. ئەو ساتە بێدەنگی تەقییەوە. لەناکاو لەجیاتی دوو ئاگر ھەزاران ئەستێرەی ئاگر و مانگ لەسەر سەربانی شار ھەڵھات. بانێژەی ماڵ نەما، ھەورەبان، سەرقەڵا، سەرومەز، گۆڕەپان، ناوکۆڵان، گردەکەی سەر قەبران، قوتکەکان- نزم و بەرز- شوێن نەما کە کڵپەی ئەم ئاگرە پیرۆزە بۆی نەبێ بە چرا. لە شاردا قەدێکی درەخت و دار نەما- گەورە بێ یان پچووک، باریک بێ یان ئەستوور، چنار و دارەبەن، دار بەڕوو، دار مازوو، شۆڕەبی، گوێز و توو- بەنووسین یان وەکوو نیشانە بۆ کاوە، بۆ نەورۆز، نەبێ بەو مژدەیەی پێش وەخت نێرگزی ئەم ڕۆژەی میوانە! جا ئیتر پاشا و بەگ [و] ژەندرمە چی ئەکەن؟ کێ ئەگرن؟چەند ئاگر خامۆش کەن؟چەند درەخت لەبندا ھەڵکەنن؟ ئەوەتا وا لەپاڵ ھەزاران ئاگردا، ھەزاران پیرباڵ و کاکەلاو ئەو ئاگری نەورۆزە خۆش ئەکا. 


شێرکۆ بێکەس
ڕووبار-چیرۆکە شیعر ١٩٨٤

  

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

بەیتی شێخ مەند و شێخ ڕەش

زمان- پەیوەندیی ڕەگی ڕابوردوو و ڕانەبوردوو لە زمانی کوردیدا ٣

زمان- پەیوەندیی ڕەگی ڕابوردوو و ڕانەبوردوو لە زمانی کوردیدا ١