شانۆنامەی سپیمەند،سیامەند






شانۆنامەیەک لەسەر بنەمای بەیتی «شێخ مەند و شێخ ڕەش»

کەسێتییەکان:

                    میدیا بەگ
                    خەسرەو
                    ئیبن‌عوبەید
                    ئۆتمیش
                    خدر
                    ئیلیاس
                    مەند
                    مانووشاک
                    شوانی پیر
                    شوانی گەنج
                    حەمزە بەگ
                    ئیبرایم بەگ
                    شەمسی تەورێزی
                    پیاوانی گوندی «ماوەڵۆ»
                    پیاوانی دۆڵی «پەموو»
                    ژنانی هۆز
                    پیاوانی هۆز







(دیوەخانێکی گەورەیە لە باخێکی سپیدا، کە لە پەمووجاڕ دەچێت، تاشەبەردێکی سپی و سپیدارێکی بەرز و ئەفسووناوی. دەنگی لە ناکاوی دەهۆڵە گەورەکان بێدەنگیی باخ دەشڵەژێنێت. سێ سوارچاک، بە ڕێنوێنیی خدر و ئیلیاسەوە، کەوتوونەتە پێش دەیان پیاوی شەڕکەر و بەپڕتاو خۆ دەگەیەنن. میدیا بەگ شڵەژاو و پەشۆکاو بە پیریانەوە دەچێت و لەنێوان چەپڵە و گۆرانیدا، بەڕێزەوە لە ژوورەوەی کۆڕ دایاندەنێت. خزمەتکار بە پەلە و فڕکە میوە دێنن و شەربەت دەگێڕن.
زۆر ناخایەنێت کە شێخ مەندی لاو بە پڕتاو دەگاتە بەرەوە؛ سەر سوڕماو لەو هەموو سوار و ئەسپ و بانگ و نەوایە، خدر و ئیلیاس لە ژێر چاوەوە ئاگایان لێیەتی)

مەند:            بابە!
میدیا بەگ:    ئەمەیش کوڕەکەم، مەند!
 مەند:           دەڵێن دڵۆپێک ئاو لە ماڵی مێروولەدا لافاوە!
میدیا بەگ:    کێ دەڵێت ئێمە هەموومان مێرووین ؟
مەند:            دیوەخان شێواوە یان تۆ؟
میدیا بەگ:    هیچکامیان. وەرە. میوانمان هەیە. ئەمەیش مەندی کوڕم. وەجاخی بنەماڵە و مانگی چواردە هۆز. لە کوێ بووی؟
مەند:            لەنێو دۆڵ. لەلای پەمووکارەکان. دەنگی سمکۆڵان و حیلکەی ئەم ئەسپانە نەبوایە تاکوو شەو دەمامەوە.
میدیا بەگ:    ئەوان چی؟
مەند:            ئیتر کەس دەستی نەدەچووە کار.
میدیا بەگ:    نیگەرانی؟
مەند:            لەپڕ گوێم زرنگایەوە. دڵم داخورپا.
میدیا بەگ:    مەگەر تا ئێستا میوانت نەدیتووە؟
مەند:            با. کۆڕێکی ڕەنگینە! بەڵام ئەم هەموو ئەسپ و سوارەم وێکڕا نەدیتبوو.
میدیا بەگ:    وەرە پێشێ! هەرچەند کە ئاودێری زەویی دێمەکارین و ڕانەمەڕەکەیشمان کەمە، بەڵام خۆ هەژار نیین. تا خوا حەز بکات ئەسپمان هەیە. پیاوەکانیشمان زۆرن و بەجەرگ. خوانیشمان هیچ کات بێ نان نەبووە. ئیتر ترس و دڵەڕاوکێی چیتە؟
مەند:            لە نیگا و جلوبەرگیان ڕا دیارە کە لە شوێنێکی ترەوە هاتوون.
میدیا بەگ:    وایە، ڕاست دەکەی. دەی ئەو پیاوانەی کە پێیان لەسەر دیدەمان ناوە، بناسە: ئەم گەورەیە خەسرەوە، لە پارسییە ڕەسەنەکان. ئەم سەرکردەیەیش ئیبن‌عوبەیدە لە دەسەڵاتدارانی ئالان، کە ئێستا ئەمان پێی دەڵێن جیبال. ئەم سەردارەیش ئۆتمیشە، خانێک لە خانەکانی سەلجووق.
مەند:            بۆنی خێر نابیستم.
میدیا بەگ:    تاکوو خێر بە چی بزانرێت!
مەند:            ئەگەر خێر بوایە لێرە نەدەبوون.
میدیا بەگ:    ڕاست دەکەی تۆ. باسی تووڕەیی و غەزەبی خودایە!
مەند:            کام غەزەب؟
میدیا بەگ:    دوژمنێکی گەورە کە هێشتا نەمدیتووە. دەڵێن ناوی مەغۆلە.
مەند:            چ ناوێک! نەمبیستووە.
میدیا بەگ:    هۆزێکی یاجووج و ماجووجی تر! وا دیارە دوایین ئاماژەی تووڕەیی خودان.
مەند:            ئەم تووڕەییە لە گوناهی ئێمە و تیرەی ئێمەیە؟
میدیا بەگ:    کێ دەڵێت؟
مەند:            یان ڕەنگە لە هەڵە و پەڵەی هۆزە؟
میدیا بەگ:    ئاوام گوتووە من؟
مەند:            واتە نەپرسم؟
میدیا بەگ:    بۆ هێندە نیگەرانی؟
مەند:            پیاوەکانمان ماندوون، کارەکەیشیان دژوارە و زۆر.
میدیا بەگ:    بەڵام ئەم سێ بەڕێزە میوانن. هاتوونەتە سەر خوانی ئێمە. داوای یارمەتی دەکەن.
مەند:            وتم بۆچی وەکوو چرای دز کز و بێ‌گڕن.
میدیا بەگ:    ئێمە لەسەر ڕێگای سوپای مەغۆلین. دەبێت کەسێک بەربەرەکانێیان بکات یان نە؟
مەند:            کە وایە هاتوون شووتیمان لەبن هەنگەڵ بنێن و شێرەمان بکەن، بۆچی ئێمە؟
میدیا بەگ:    هەموو لایێک!
مەند:            واتە وەکوو سوپای ئەسکەندەر قایم ڕاوەستین و بکوژرێین و ئەمانیش هەروەها ئاسوودە؟
میدیا بەگ:    مەغۆل کە بێت، گشتمان سەروبەری کاروانێکین. ئیتر جێگای من و تۆیییەک نامێنێت.
مەند:            چرای کەس تا ڕۆژ ناگڕێت بابە! دیسان لەگەڵیان نێو چاوانی یەکترمان دیتەوە!
میدیا بەگ:    باسی کەی دەکەیت؟
مەند:            باشتر لە من دەزانیت کە لەبەر ئەمانە بوو شارەکانمان چۆڵ کرد و ڕوومان کردە دۆڵ و چیا.
میدیا بەگ:    دەنگت نزمتر کەوە، ئەوە باسی ڕابردووە نەک ئەمڕۆ!
مەند:            پاش ئەوە ئیتر بۆ هەمیشە بووینە شوان و چێوار!
میدیا بەگ:    لە ژیاندا، مرۆڤ جار هەیە دوژمنی هەیە و جاریش دۆست! جودا لەوەیش، لەپێش میواندا دەنگ هەڵنابڕن!
مەند:            مەگەر دەنگم هەڵبڕیوە؟
میدیا بەگ:    تۆ گوێت لە دەنگی خۆت نییە؟
مەند:            با، جار و بار!
میدیا بەگ:    باش دەزانیت ڕێز گرتن لە میوان بە مانای خۆ سووک کردن نییە!
مەند:            دەزانم.
میدیا بەگ:    ئێستا لێرە ڕامەوەستە! داس و گوریسەکەت هەڵگرە و ئەم سێ ئەسپە کوێتە ببە بۆ لەوەڕ. بەستەزمان زۆریان برسییە. ڕێگەیەکی زۆریان بڕیوە.
مەند:            بەڵام بابە-
میدیا بەگ:    بڕۆ و لەسەر قسەم قسە مەکە! ئەسپ واتە سوار! سواریش میوانی ئەم ماڵەیە! دابونەریتی باو و باپیرانمانت کە لە بیر نەچووەتەوە؟
مەند:            دەمەوێ بڵێم گژوگیا هێندە-
میدیا بەگ:    بڕۆ بۆ قەندیل. بنارەکانی ئەوێ پڕ لە لەوەڕی تازەیە.
مەند:            مەگەر نازانیت لەوەڕ کەم بۆتەوە و -
میدیا بەگ:    وتم بڕۆ. دوێنێ خۆم بینیم. هەموو دنیایش مەگەڕێ، قەندیل.
مەند:            باشە، گەورەی هۆز تۆیت!

(میدیا بەگ دەگەڕێتەوە لای میوانەکان. مەند سێ ئەسپە کوێت لە چیا و بناردا تاو دەدات. ئەسپەکان سەرکێشانە دەبزوون و مەندیش لێهاتووانە دەیانئاژوێ. ڕەوتەکەیان لە سووڕانەوەیەکی ئەفسووناوی دەچێت کە تێیدا مەند و سێ ئەسپەکە لەنێو زریاندا ڕێ دەکەن. ئاشکرا دیارە کە مەند نابەدڵ، لەوەڕینی ئەسپەکانی پێ خۆش نییە. لە برووسکە و هەورەتریشقەیەکی دەنگ بەرزدا، کە زەوی و ئاسمان ڕوون دەکاتەوە، مەند دەگەڕێتەوە بۆ کۆڕەکەی باوکی)

میدیا بەگ:    (بڕوا نەکردنی پێوە دیارە) ئەسپەکان لەڕ بوون، لەڕتر بوون. مەگەر نەتبردن بۆ لەوەڕ؟
مەند:            بردمن بابە. گوێم لە فەرمانەکەت گرت. داس و گوریسم هەڵگرت و بە تاو چووم بۆ ئەو بنارەی کە خۆت گوتت.
میدیا بەگ:    ئەی بۆ هێشتا برسین؟ سەیری پێستی ورگیان بکە بە ئێسکی پشتیانەوە نووساوە!
مەند:            هەوڵەکانم بێ سوود بوون! گژوگیای ئەوێ، لە هەر چوار هەزار جۆرەکەی لە زیکری خودادا بوون بابە! لەژێر برووسکە و هەورەگرمەدا، پرچیان لە بای خودادا پەخشان کردبوو.
میدیا بەگ:    گیا بۆ لەوەڕە، برووسکەی چی؟ پیاوانی ئەم هۆزە لە با و برووسکە ناترسن. ترسایت کە لە بادا بوەستیت یان سامی برووسکە گرتتی؟
مەند:            سامی چی و ترسی چی؟! لەو بنارەدا جێگەیەک بۆ وەستان نەبوو بابە! هەرچێکم کرد زەوی ملی بە سینگ و هەوسار نەدا.
میدیا بەگ:    بڵێ نەمویست!
مەند:            زەوی نەیویست! ئەگەر خۆت هاوار و زەنای ئەو قیامەتە کەسکەت دەدیت، وات نەدەگوت.
میدیا بەگ:    ئێستا من چۆن وەڵامی خەسرەو بدەمەوە؟ ئەم کارەی تۆی پێ گران دەبێت. بێ سێ و دوو پێمان دەڵێت بەدنەریت!
مەند:            بەدنەریت نە تۆیت و نە من! بەدنەریت ئەوە کە لەبەر کردنەوەی کۆشکێک بۆ یاری شیرینی، شارەکەی کاول کردین و هەزاران کەسی بێ‌بەزەییانە لەو ناوچەیە کۆچ پێ کرد.
میدیا بەگ:    ڕاوەستە بزانم! کێ ئەمانەی پێ گوتوویت؟
مەند:            گشت کەسێک دەزانێت. ئێستا کەوتۆتە تەنگانە و هەستاوە هاتووەتە ئێرە بۆ میوانی؟ هاتووە دەستی دۆستیت بداتە دەست؟ هاتووە یارمەتیی گەرەک بێت لێت ؟
میدیا بەگ:    ئەو ڕووداوە ڕابوردووە. زیندووی مەکەرەوە.
مەند:            بەڵام لە بیری کەس نەچۆتەوە!
میدیا بەگ:    دەست هەڵگرە. ئەم ڕووداوە هی سەردەمێکە کە هێشتا تۆ لە دایک نەبوویت. لە کێت بیستووە؟
مەند:            خراپە کە ئاشنای ڕابوردووم؟ ژان و ئازاری هۆزەکەم باش دەناسم.
میدیا بەگ:    وتم کێ ئەمانەی پێ گوتوویت؟
مەند:            نازانم. ئەم خاک و کێو و دار و درەختە. یان ڕەنگە هۆزان و بەیت‌بێژێکی ئاوارە! دەزانیت ئەم وڵاتە هۆزان و بەیت‌بێژی زۆرە! هەر چۆنێک بێت نهێنییەکانی وڵاتەکەم دەزانم. گرینگ نییە لە کێ، بەڵام بیستوومە.
میدیا بەگ:    ئێستا کاتی باس و دوان لەسەر نهێنییەکانی هۆز و شیعر و بەیت و بەیت‌بێژ نییە. دەڵێن سەدان ئەسپی ئەم سوارانە لە برسان تۆپیون! ئەم گژوگیایانە چ نهێنی و سوودێکی تریان هەیە جگە لەوەی کە دەبێت ئەم ئەسپە بەستەزمانانە زیندوو ڕابگرن؟ نەکا نهێنییەکە هی تۆ بێت؟!
مەند:            زۆر جاران بیستوومە کە وتووتە سەبووری و بەپشوو بوون ڕازی گەورەی مانەوەی مرۆڤەکانە. بەڵام نەمدیتووە کە نەسڵ و وەچەی ئێمەی وەکوو ئێوە بەپشوو بن. ڕەنگە نهێنییەکەی منیش هەر ئەمە بێت.
میدیا بەگ:    کوڕم! دەزانم تۆ گەورە و لێبوردەیت. بەڵام پێویستە کە سەبوور و بەپشوویش بیت. ڕازی گەورەی ژیان هەر ئەمەیە! گژوگیا نهێنیی لە کوێدایە؟
مەند:            بەڵام من ئەمڕۆ نهێنییەکانیم دیت بابە. لە برووسکە و باراندا.
میدیا بەگ:    بیبڕەوە مەند! ئابڕوومان مەبە! بڕۆ داس و گوریسەکە هەڵگرە و بیانبە بۆ لەوەڕ. ئەگەر پیر نەبوومایە، خۆم دەمبردن. با لەلای دۆست و دوژمندا سەرشۆڕ نەبین! مەرگ لە جنێوی دوژمن زۆر باشترە! ڕۆیشتیت؟
مەند:            دەڕۆم بابە!

(باوکی مەند جارێکی تر دەگەڕێتەوە لای سێ میوانەکەی و مەند دیسان بە سێ ئەسپی کوێتەوە بۆ کێو و بنار. ئەم جار جووڵەی سێ ئەسپەکە بێجگە لە سەرکێشانە بوون، چاوچنۆکیشی پێوە دیارە، بەڵام لێهاتوویی مەندیش لە جاری پێشوو پتر. چەند برووسکە و گژەبایەکی توند، ڕەوتی ڕێگەچوونی سێ ئەسپەکە و مەندی سامناکتر کردووە. زەوی و ئاسمان، دەستیان داوەتە یەک بۆ ئەوەی ئەسپەکان لەو هەموو گیا سەوز و مەستە بێبەش بن! مەند ماندوو بە ئەسپە برسییەکانەوە دیسان دەگەڕێتەوە کۆڕی باوکی)

میدیا بەگ:    مەگەر نەچوویت بۆ کێو؟
مەند:            با!
میدیا بەگ:    بەڵام ئەم ئەسپانە هیلاک و برسین! برسیترن!
مەند:            دەزانم.
میدیا بەگ:    نەتبردن بۆ لەوەڕ؟
مەند:            بردمن بابە. لە چوار لای بناری کێو، چەند جاران تاوم دان. دەبوا بە چاوی خۆت بتدیبوایە کە گژوگیا چۆن لە ئەسپەکان سەرکێشتر بوون و لە بەرزایی کێو سەربەرزتر، خۆیان نادەنە بەر ددانی هیچ ئەسپێکی بێگانە!
میدیا بەگ:    چەند جار بڵێم! باسی ئابڕووی هۆزەکەمان لە گۆڕێیە! نەمگوت؟
مەند:            گوتت و منیش لەسەر فەرمانی تۆ، لەسەر باڵی با ڕۆیشتم، پێم لەسەر هەموو گابەردێک نا و هەموو بستە زەمینێکم خستە بەر چەپۆکان و زرمەی سم و ناڵی ئەسپەکان.
میدیا بەگ:    ئەنجام؟
مەند:            لە گژەبای ئەم کێوەدا، گژوگیا مەستی زەوین. بابە شتێکم دیت کە تا ئەمڕۆ نەمدیتبوو. دیتم ئەوان سەما دەکەن. بە خواستی تۆ، بە خواستی من دەدەنە تریقەی پێکەنین.
میدیا بەگ:    تووشی وەهم بوویت ڕۆڵە؛ گژوگیا و سەما؟ گژوگیا و پێکەنین؟
مەند:            هەرا و زەنا و تریقەی پێکەنینیانت لەم بای بەهارەدا نەبیست؟ لە هەموو کێو و دۆڵدا دەنگی دەدایەوە. وتم ڕەنگە لەگەڵ گرمەی هەوردا تاکوو ئێرە گەیشتبێت!
میدیا بەگ:    پێم ڕامەبوێرە! دەڵێم بڕۆ ئەسپەکان بلەوەڕێنە، دێیت و چیرۆکم بۆ دەگێڕیتەوە و باسی هەورەگرمە و زیکرم بۆ دەکەیت! دەروێش هەمووان بە هاوڕێبازی خۆی دەبینێت! چون خۆت دوو زیکر دەڵێیتەوە وا دەزانیت کە درەخت و گیایش لە زیکردان؟
مەند:            بڕوا بکە بابە، نە جێگەیەک بۆ داکوتانی هەوسار هەبوو و نە هێزێک بۆ ڕاوەستان لەو بایەدا. زیکر و سەمای ئەوانیش چیرۆک نییە!
میدیا بەگ:    من شەرمەزاری ئەم سێ پیاوە، ئەم سێ میوانەم! ئێستا چ وەڵامی ئیبن عوبەید بدەمەوە، ئەو کابرا کەللـەڕەقە؟
مەند:            دەبێت وەڵامدەرەوەی ئیبن‌عوبەیدیش بین؟ بۆ هێندە نەرمی دەنوێنیت و پاشەکشە دەکەیت بابە!
میدیا بەگ:    چون لەسەر خوانی من دانیشتووە! چاک دەزانم کە هیچکات پەیامی ئاشتیی پێ نییە. بەڵام ئیستە لەژێر بنمیچی ماڵەکەمدایە و میوانی منە! لە کۆنەوە گوتوویانە پیاو میوان دێنێت و ناپیاو سەرشۆڕی.
مەند:            لە بیرتە تاقمەکەی ئیبن‌عوبەید لە دەشتی شارەزوور چییان لە ئێمە و لەو هەموو ژن و منداڵە کرد و لە بیرتە چۆن تەفروتوونا بووین؟ دەزانیت چەند هەزار کەسی هۆزەکەیان ڕەو پێ کرد بۆ بیابانە وشک و بێ‌ئاوەکان؟ مەڵێ کە لە بیرم نییە چییان لەو هەموو ماڵ و باخە کرد!
میدیا بەگ:    لە بیرمە. بەڵام ئەمەیش دەزانم کە مرۆڤ کاتێک کە تەنیایە ئاسان هەڵدەچێت، کەچی کاتێک کە لەنێو کۆمەڵدایە، ئاسانتر خۆی دەسپێرێتە دەستی چارەنووس! وا بزانم لە بیرت چووە کە من بەرپرسی ئەم کۆمەڵە خەڵکەم!
مەند:            هێشتا ژمارەیت لە بیر ماوە کە ئەمانە چەند هەزار کەسیان زیندەبەچاڵ کرد؟
میدیا بەگ:    ئەوەی کە تۆ بە گوێ بیستووتە من بە چاوی خۆم دیتوومە!
مەند:            من نەمدیتووە. بەڵام ئەو ئاوارەیە، ئەو هاوڕێ بەیت‌بێژەم دەیگوت لە ژماردن نایەن، زۆر زیاتر لە ژمارەن!
میدیا بەگ:    بەیتی تاڵی دوێنێ زیندوو مەکەوە. دیتت کە دەوران وەرسووڕا و ئێستا ئەو شەرمەزار هاتووە بۆ ئێرە. لەسەر بەڕەی من و لەژێر بنمیچێکدا کە هی منە! و لە پێی خوانی مندا دانیشتووە! دەتەوێت منیش وەکوو ئەو بم؟
مەند:            بۆ تۆ نازانم بابە. بەڵام من نە دەتوانم ببوورم و نە دەتوانم لە بیر بکەم!
میدیا بەگ:    تێدەگەم. بەڵام هەندێ جار نەرم و نیانی پێویستە. بێجگە لەوە، ئەم جارە ڕەوشەکە کەمێک جیاوازە. ئێستا دوژمنێک بە گەورەیی مەغۆل هاتۆتە سەر ڕێگەمان! قسەم لە عەرز مەدە مەند!
مەند:            نازانم بۆ بەڵام تاڵیی ژیان فێری کردووم کە لەم دنیایەدا هیچ شتێک عادڵانە نییە و هیچکات لەسەر زەویدا عەداڵەت نەبووە و نابێت.
میدیا بەگ:     گوریسەکەت هەڵگرە و ئەسپەکان ببە بۆ لەوەڕ! من هیچ شتێک بە بەها و نەریتەکان ناگۆڕمەوە. تا ئێستا تەنیا ئەم نەریتانە زیندوو ڕایانگرتووین! سپاردنی ئەم ئەسپانە بە تۆ بەشێک لە قامووسی هۆزە و کەوایەکە بە بەری تۆ دووراوە مەند! ئەمە دوایین جارە کە داوات لێ دەکەم!
مەند:            گەورە هەر تۆیت. هەرچێک کە تۆ بتهەوێت بابە! هەرچێک کە نەریت بڵێت!

( مەند جارێکی تر و بە نابەدڵییەوە سێ ئەسپی کوێت بە ڕەوتێکی توندەوە، دەجووڵێنێت و لە کەشێکی پڕ لە دووکەڵ و ئاگردا ڕوو دەکاتە چیا. غاری ئەسپەکان چوارناڵە نییە، پتر لە هەڵپەڕکێیەکی کەونارا دەچێت کە مرۆڤ لە ڕۆژگارانی کۆندا بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئیزەداندا دەیکرد. لەگەڵ جووڵەی ئەواندا هەموو شتێک، دەکەوێتە بزووتن. ئاشکرایە کە دار و بەرد و با و برووسک پێش بە لەوەڕیان دەگرن. لەکۆتاییدا مەند کفت و ماندوو، بە سێ ئەسپی لەپێ‌کەوتوو، شپرز و شڵەژاوتر لە جاری پێشوو دەگەڕێتەوە لای باوکی. تووڕەیی و سەرسوڕمانی باوکی لە هەموو جارێک زیاترە)

میدیا بەگ:    هیچ مەڵێ. دەزانم. هەموو بیانووەکانتم لەبەرە. ئیتر بڕوا ناکەم ئەگەر بڵێیت گژوگیا خەریکی سەما بوون، ئاگری ئاسمان نەیهێشت، با بەتوندی هەڵیکرد، زەوی ملی بە داکوتانی سینگ و  هەوسار نەدەدا یان گیا سەرکێشیی دەکرد!
مەند:            بەڵام ئەمانەی کە تۆ گوتت هەمووی ڕاستن بابە!
میدیا بەگ:    باش دەزانم کە ئەگەر بتویستایە، هەموو شتێک دەکرا. لە بیرم نییە لە منداڵییەوە لە شتێکدا سەرکەوتوو نەبووبیت. هەر لە کاتی منداڵییەوە هەرچێکت ویستبێت بە خواست و پاکیی ڕۆحت وە دەستت هێناوە. ئەم جارەیش خۆت نەتویستووە. خەمی ئەوەیشت نییە کە ئابڕووی من و هۆزەکەی تۆ بەندە بە لەوەڕینی ئەم سێ ئەسپە کوێتە و ڕێزگرتن لەم سێ گەورەپیاوەوە.
مەند:            وا نازانیت ڕێزێکی لە ڕادەبەدەرت لێ گرتوون؟
میدیا بەگ:    بێ دەنگ بە! جەسارەت و ڕووهەڵماڵران ئیتر بەسە! داخستنی دەمی خەسرەوەی لەخۆبایی ئاسان بوو، بێدەنگ کردنی ئیبن‌عوبەیدی کەللـەڕەقیش زۆری پێ نەچوو، ئێستا داماوم چۆن وەڵامی ئەم ئۆتمیشە بێ‌مێشکە بدەمەوە؟
مەند:            جارێکیش بڵێ نە!
میدیا بەگ:     ماسی فێری مەلە دەکەیت؟ بەڵام تۆ دەڵێیت پەیمان بشکێنم؟
مەند:            مەگەر کاتێک عێلی سەلجووق بەتێکڕا ڕانەمەڕەکەیان تاڵان کردین، هەر بڕوایان بە پەیمان هەبوو تاکوو بیشکێنن؟
میدیا بەگ:    ئەوان پەیمانیان شکاندووە، منیش بیشکێنم؟ جا ئەوسا جیاوازیمان چییە؟
مەند:            ئەی کەی دەبێت بزانن کە کارەکەیان نابەجێ و هەڵە بووە؟
میدیا بەگ:    کاتی ئەوەیش هەر دێت.
مەند:            ئەم دڵنەواییە سادەیە نابێتەوە بە مێگەلە بەتاڵانچووەکەی ئێمە!
میدیا بەگ:    تۆ گڕت لێ دەبارێت و تەنیا کەف و کوڵی گەنجێتی دەناسیت، هیچ نازانیت!
مەند:            چی نازانم؟ بە تاڵان چوونی ڕانەکەمان؟
میدیا بەگ:    ئەوان تاڵانچین، ڕاستە! هەموو تەمەنیان هەر تاڵانچی بوون! بەڵام ئەو جارە هەڵەی خۆمان بوو کە ڕانەکەمان ناردە ئەو دیوی سنوور، بۆ هەرێمی دەسەڵاتی ئەوان.
مەند:            هەڵەی ئێمە؟
میدیا بەگ:    بەڵێ. ئەو ساڵە لە مەڵبەندی ئێمەدا نە بەفر بوو و نە باران. ئیتر لە لای ئێمە گژوگیا سەوز نەبوون. بەڵام لە لای ئەوان تا حەز بکەیت بەفر و باران باری. گیا و گوڵ لەوێ سەری پێوە نابوو و  تا بەر ئەژنۆ هەڵچوبوو.
مەند:            نەهاتەساڵ بوو؟
میدیا بەگ:    چ نەهاتەساڵێک. ناچار پارەمان دا و نیوەی ڕانەکەمان ناردە دیوی ئەوان. ئەوانیش لەبەرانبەردا پەنجا سەرباز و چەکەکانیان بە بارمتە ناردە ئەم بەر. هەموو ڕۆژێک ڕان دۆڕۆیشت و شەو دەگەڕایەوە. وردە وردە متمانەمان پێ کردن و بەتێکڕا ڕانەکەمان ناردە ئەو دیو.
مەند:            بە ڕاوڕووت چ سامانێکیان پێکەوە نا.
میدیا بەگ:    هەموو شتێک کاتێک شێوا کە سوپا گەورەکەیان ڕێی کەوتە ئەو ناوە، کە بڕوات لە شوێنێک شەڕ بکات و چ تاڵانییەک بەلاشتر و بێ‌خاوەنتر لە ڕانەکەی مە؟ تاوانی خۆمان بوو و سزاکەیشیمان چێشت.
مەند:            کە وایە بە بۆنی کەبابەوە هاتین و نەمانزانی کەر داخ ئەکەن! ئەگەر ڕەوشتیان ئەمەیە، کەی جێی گازندە و گلەیی دەمێنێت؟
میدیا بەگ:    گلەییەکم ئەگەر هەبێت لەپێشدا لە تۆیە. ئاکار و ڕەوشتمان وەک یەک نییە. تۆیش بێ‌گوێیت. کەی بە گوێت کردووم کە ئێستا بیکەیت؟ تۆ جیهانی خۆتت هەیە و من جیهانی خۆم! تۆ ڕێگای خۆتت گرتۆتە بەر و منیش ڕێگەی خۆم!
مەند:            لۆمەم دەکەیت؟
میدیا بەگ:    لۆمە کە نا. بەڵام لە کوێ ملت داوە بە خواستی من یان لە کوێ هاوڕێم بوویت؟ کامە کات و سات لەگەڵم هاودڵ و هاوزمان بوویت؟ بێژە!
مەند:            مەمترسێنە بابە! من هەر لە منداڵییەوە هەموو جیهانم لە ناوی تۆدا چڕ کردووەتەوە. بەڵام کە باڵام کرد و گەورەتر بووم، دیتم سەرم لێ شێواوە. سەیرم کرد –ڕاست دەکەیت- من قسە و هەڵسوکەوتی خۆمم هەیە و ئەتۆیش هی خۆت. سەیرم کرد خودا عەشقی خولقاندووە و ئەمنیش عەشقی تۆ. وردە وردە زانیم کەلێنێک کەوتۆتە نێوان ئێمە و وەچەی ئێوە کە هیچ شتێک پڕی ناکاتەوە! ئێستەیش دڵم گیراوە، بڵێ چی بکەم کە ڕێگاکانمان یەک بگرنەوە؟
میدیا بەگ:    ئەگەر ئەهلت یار دەبێت، ئەوسا کارت سوار دەبێت. دیارە کە تۆیش نەبەدڵیت و  مەیلت نییە. خۆیشت نازانیت چیت دەوێت.
مەند:            دواڕۆژێکی باش، بێ سووکایەتی!
میدیا بەگ:    بەم هەڵسەوکەوتەوە؟ دەترسم ئەم گڕە زۆرەت زوو دامرکێتەوە.
مەند:            جارێ ڕەفتارێکی باشتر لەمە شک نابەم.
میدیا بەگ:    تۆ لە هەموو دنیا لەلام خۆشەویستتری. بەڵام من ئاوم و تۆ ئاگر.نامەوێ لەمە زیاتر پێکدا هەڵپژێین. بەر لەوەی زەمانەی بێ‌ڕەحم بە گژ یەکماندا بدا و دەم دە جەرگی یەکتر بنێین، باشترە یەکێکمان لێرە بمێنێتەوە و ئەوی تر بڕوات. ئەوەیش کە دەڕوات منم.
مەند:            بۆچی تۆ؟
میدیا بەگ:    ئەم هۆزە و ئەم دیوەخانە نابێت بەبێ گەورە بمێنێتەوە. ئەتۆ کانی بە، منیش جۆگە. تۆ دانیشە و ئەمن دەڕۆم.
مەند:            مەحاڵە! ئەمە ڕەسم و نەریتی ئێمە نەبووە بابە! ڕاستە کە دەبێت وەکوو دوو لقی دارێک لێک جیا ببینەوە، بەڵام قەت نەمبیستووە کە باوکێک لەبەر کوڕی هەستێ، سەری خۆی هەڵبگرێت و بە دەشت و دەردا بدات؛ و کوڕەکەیشی دڵخۆش و بێ‌خەم لەنێو هۆزدا خۆی لێ پان بکاتەوە و پاڵی لێ بداتەوە! نە، تۆ دانیشە، ئەمن دەڕۆم.
میدیا بەگ:    بەڵام من تەمەنم گەیشتووەتە شەست و سێ و کاتی چوونمە. تا ئێستا دیتووتە دوو ڕانەمەڕی گەورە لە دۆڵێکدا پێکەوە بیانکرێت؟ یان دوو دەروێش لەسەر بەڕماڵێک پێکەوە نوێژ بکەن؟ ئەو ڕانەی کە دۆڵەکە و ئەو دەروێشەی کە بەرماڵەکە جێ دەهێڵێت، منم. زۆری نەماوە بۆ کۆچی یەکجاریم. باشترە تۆ کانی بیت و منیش جۆگە! 
مەند:     دەزانم من ئاگرم، دەسووتێنم و تۆیش ئاوی، دادەمرکێنیت. دەیشزانیت کە حورمەتی هۆز و ڕەنجی ئەم خاکە تۆیت! من هەرچەند ڕیشی خۆم نادەمە دەستی کەس بەڵام بەم تەمەنەوە دەزانم کە هێشتا کرچ‌و‌کاڵم و دەبێت پێبگەم. لەم چواردە بەهارەی تەمەنمدا، هەرگیز نەمبیستووە دوو شێری بەهێز لە بێشەیەکدا پێکەوە هەڵکەن یان دوو شای بە‌دەسەڵات پاڵ بە یەک تەختەوە بدەن. ئەو شێرەی کە بێشە و ئەو شایەی کە تەخت جێ دەهێڵێت منم. ئەتۆ کانی، ئەمن جۆمە: تۆ دانیشە، من دەڕۆمە.
میدیا بەگ:    گوێ بگرە! پیاو کە پیر بوو-
مەند:            تۆ لێرە بمێنەوە، من دەڕۆم. تا هەموو جیهانیش نەگەڕێم، داناسەکنم.
میدیا بەگ:    کوڕم، پیاوی مەیدان-
مەند:            ئیتر هیچ مەڵێ. هەوساری ئەسپەکان بگرە. من بەر لە ئێستا، گۆچان و کەوا و کەشکۆڵەکەم هەڵگرتووە.
میدیا بەگ:    ڕاوەستە-
مەند:            کۆسپ مەنێ بەر ڕێگام. ڕۆیشتنم بۆ پێگەیشتنم پێویستە. دەبێت بڕۆم
میدیا بەگ:    بمێنەوە.
مەند:            مەترسە. هەوڵ مەدە پەشیمانم بکەیتەوە. هەموو جیهانم لە پێشە بابە!
میدیا بەگ:    ئەڵێم بوەستە!
مەند:            نامەوێ کۆتی هیچ شتێک لە ملمدا بێت کە ڕۆژێک ببمە کۆیلەی! وا هات و جارێکی تر یەکترمان دیتەوە.
(دەڕواتە دەر)

میدیا بەگ:    بگەڕێوە، هەرچێک تۆ بتهەوێت، وەها دەبێت. پێکەوە دەسازێین. دەڵێم بگەڕێوە. چەند سوار بێن. ئەسپ بێنن. زوو. بیگەڕێننەوە! ژنەکە لەکوێی؟ مانووشاک! وەرە و پێشی پێ بگرە!

(چەند سوار و مانووشاک، دایکی مەند، سەرسام دێنە ژوورەوە)

مانووشاک:     دیسان دەنگە بەرزەکەت هەموومانی گیرۆدە کرد!
میدیا بەگ:    مەگەر میهر و سۆزی دایکیت کارێک بکات. بیگەڕێنەوە. گوێی لە قسەی من نەگرت. دەسەڵاتی باوک بێ‌ئاکام بوو. بێ‌ئاکامە.
مانووشاک:     چیت گوت پێی؟ بۆ کوێ ڕۆیشت؟ مەند! مەند!
میدیا بەگ:    بەرەو شار چوو. لەو بەرەوە. هەموو ئەسپەکان زین بکەن. زوو!
مانووشاک:     پێویست ناکات. ئەمە کاری منە نەک ئەسپ و سوار. مەند!
میدیا بەگ:    زوو بکە ژنەکە!
مانووشاک:     مەترسە. مەند ئاشت دەکەمەوە. ڕێگەکەی دەزانم. مەند!
                    تاوێک خافڵ بم ڕێگەکەم سەد ساڵ دوور دەکەیتەوە. پیاویت ئیتر!
مەند! مەند! مەند! ئەوە هات. تۆ بڕۆ. هەموو بڕۆن.

(میدیا بەگ و ئەوانی تر دەڕۆنە دەر. مەند دێتە ژوورەوە)

مانووشاک:     دەمزانی نە-م پێ ناڵێیت.
مەند:            لە بیرم چوو ماڵئاواییت لێ بکەم.
مانووشاک:     بە شێنەیی بۆ کوێ دەچوویت؟
مەند:            بۆ شوێنێک کە شاباڵەکانم هەڵنەپاچن.
مانووشاک:     دەتویست لێرە بڕۆیت؟
مەند:            ئەگەر نەڕۆم ژیانم مردنێکی ڕۆژانە و گیان‌کەنشتێکی درێژخایەنە. لێرە دەڕزێم.
مانووشاک:     بۆچی؟
مەند:            خۆت فێرت کردووم کاریگەرترین چەکی ئێمە نزا و پاڕانەوەی بێدەنگە و ناڕەزایەتیی کەسانی تر گەورەترین سەرچاوەی فێربوونمانە! وا نییە؟
مانووشاک:     قەبووڵ. بەڵام من و باوکت تەنیا تۆمان هەیە. بڕبڕەی پشت و عاسای دەستمان هەر تۆیت. مەڕۆ. ئەگەر بڕۆیت هەم سەری ئەو شۆڕ دەکەیت و هەم دڵی من دەشکێنیت.
مەند:            دەزانم. فێرت کردووم کە دەبێت هەمووانت خۆش بوێت. بەڵام ڕێگای من و باوکم لێک جودایە. ئاکار و ڕەوشتمان جیاوازە. بێجگە لەوە، من هێشتا جیهانم نەدیتووە و وا دەزانم بۆ تێگەیشتن لە باوکم، یان قەناعەت پێ هێنانی، دەبێت لەپێشدا هەموو جیهان بگەڕێم.
مانووشاک:     خۆشویستن و عەشق بە دایک و باوکە کە سەرچاوەی چاکە و ئاکاری باشە نەک دیتنی هەموو دنیا.
مەند:            بەڵام ئەم خۆشویستنە ئەگەر زانایی و شادیی تێدا نەبێت، بێ‌سوودە.
مانووشاک:     وا مەزانە چون سمێڵت خەتی داوە، و تا ڕادەیەک عەقڵی کەسک و سوورت پەیدا کردووە، ئیتر هەموو شتێک دەزانیت و دەتوانیت لاسایی عاقڵەکان بکەیتەوە! دەزانیت خۆشویستنی دایک و باوک یانێ چی؟
مەند:            ئەمە چاک دەزانم. شتێک کە نایزانم ئەوەیە کە بۆچی و تا کەی دەبێت عەقڵ لە بەرپێی عەشق و سۆزدا سەر ببڕدرێت؟
مانووشاک:     ئەم پرسیارە هی کاتێکە کە لە مانای عەشق تێگەیشتبیت.
مەند:            ئەمە عەشق نییە دایە، جۆرێک لە خۆبەخاوەنزانینە.
مانووشاک:     بەخاوەنزانین؟ من دایکی تۆم. گۆشت و خوێنی تۆ هی منە!
هەر لەو کاتەوە کە ساوا بوویت، هەموو ڕۆژێک هەزار هیوام هەبووە و هەر هەزارەکەیشی هەر تۆ بوویت، هەر تۆیت!
مەند:            وەک هەموو دایکەکان! بەڵام ئەگەر پێش بە نوێخوازی و تێکۆشان یان ئازادی و بزووتنم بگیررێت، ئەوە ئیتر عەشق نییە. دەسەڵاتخوازییە. چون تەنیا خۆشی و بە‌خاوەنبوونی لایەنێکی تێدایە، بەبێ ئەوەی پرس‌وڕا بە لایەنەکەی تر کرابێت.
مانووشاک:     هێندە وشە لە پاڵ یەک ڕیز مەکە. قسەکانت وەکوو خەتی جنۆکە شپرزن و کەس لێی تێناگات.
عەقڵت نووستووە، دەنگی ترپەی دڵی دایکت نابیستیت!
مەند:            بەئاگام و دەبیستم. ساڵانێکە کە خەوم لێ زڕاوە. دەڵێن ئەوانەی کە کەمتر دەنوون، شتی زۆرتریان لە ژیان دەوێت. ساڵانێکە کە درەنگتر لە هەمووان دەنووم. بەڵام هێشتا نازانم چیم لە ژیان دەوێت. هەر بۆیە لێرە دەڕۆم!
مانووشاک:     ئەگەر بڕۆیت شیرەکەمت حەڵاڵ ناکەم.
مەند:            دەمزانی. ڕێی تێ دەچوو. بەڵام ئەم هەستی گوناهەی کە ئێستا لە مندا دروستت کرد، ترۆپکی دەسەڵاتخوازیتە دایە!
مانووشاک:     دیسان ئەم وشە نەفرەتییەی هێنایەوە سەرزار!
مەند:            پێم بڵێ چیم کردووە بێجگە لەوەی کە دەمەوێت نەختێک بسووڕێمەوە و تۆزێک بە جیهاندا بگەڕێم؟ هەر کە کەمێک فام و ئاوەزیشم پەیدا کرد، زوو دەگەڕێمەوە. ها؟ کوێی ئەم کارە خراپە؟ کوێی گوناهە؟
مانووشاک:     جیهانی دەرەوە ناپاکە وەکوو پەڵەخوێنی مانگانەی ژن! ئەگەر بڕۆیت، کارەکەت نەشیاو و ناشیرینە. سینگت لێ دەکوتم و نەفرینت دەکەم. بە هەر دینێکیش لێکی بدەیتەوە، بە تووک و نزای من دەڕۆیتە دۆزەخ.
مەند:            نەفرین بۆچی دایە؟ کێ گوتوویە ئەم جیهانە تەنیا تێکەڵ بە شتی ناپاک و ناشیرینە؟ تەژی شتی چاک و تازەیشە، کە لە جێی خۆیدا مرۆڤ پێدەگەیەنێت.
مانووشاک:     بەڵام بزانە کۆتایی ئەم ڕێگایە بەدبەختییە نەک بەختیاری. مەڕۆ. با نەفرینت نەکەم. بە تەنیا جێمان مەهێڵە.
مەند:            ئارام بە! سەفەرێکی کورتە. ئەوەیش بزانە کە دەمەوێت بەختیاری لە نێو ڕێگە و لە کاتی سەفەردا بدۆزمەوە نەک لە کۆتاییەکەیدا. پێش هەموو شتێک بێدەنگییەکم پێویستە.
مانووشاک:     قسەی خۆمم کرد. ئێستا کە قسە قسەی خۆتە، بڕۆ! هیوادارم خێر نەیێتە ڕێت! هەی لارەمل و دەستەوئەژنۆ بیت!
مەند:            دەست هەڵگرە و دۆعای شەڕم لێ مەکە. با منیش گەنجێتی نەکەم و نهێنییەکەت نەدرکێنم.
مانووشاک:     کامە نهێنی ناڕەسەن؟ فێری بوختانیش بوویت؟
مەند:            نهێنییەک کە دەتوانێت بۆ هەمیشە حورمەتی دایکێتیت بشکێنێت!
مانووشاک:     ئێستە بەرۆکم دەگریت و بە گژمدا دەچیتەوە ئەی گوناهکار؟
مەند:            گوناهکار تۆیت یان من؟
مانووشاک:     دەمت دابخە کوڕیژگەی نەزان! من لە کانی پاکترم.
مەند:            پاکتر بوویت.
مانووشاک:     حەوت قورئان لە بەیندا بێت! نیم؟ ئیتر نیم؟
مەند:            تۆ ئەو ڕۆژە ناپاک بوویت کە منت بوو.
مانووشاک:     شەرمت ناوە بە تاقەوە و ئاوت لە ئاوەڕۆ بڕیوە. ئەم هەڵیت و پەڵیتە چییە دەیڵێیت؟
مەند:            ئەگەر پاک بووایەیت لەبەر داوایەکی جەستە منت نەدەبوو، منت نەدەهێنایە ئەم دنیایە و گیانی منت گیرۆدەی ئەم گشت ئازارە نەدەکرد.
مانووشاک:     مار کە پیر بێت منداڵیش دەیکاتە قامچیی دەستی. یانێ چی تۆم نەدەبوو؟
مەند:            هەر لەو کاتەوە کە لە تافی کچێنیدا بەنهێنی لەسەر کانی چاوت بە باوکم دەکەوت، ئەو کاتەی کە لە شایی و زەماوەنددا لەگەڵی چاوچاوانێت دەکرد، یان ئەو کاتەی کە سێوێکی سووری پێ دەدایت و پرچی دەسپاردیتە دەستی با! یان کاتێک کە گوڵەگەنم یان گوڵێکی پێ پێشکەش دەکردیت و نیگات لە نیگایدا ڕادەوەستا، یان هەر جارەو کە لە ڕێگەکەیدا غونچەیەکی ناز و خۆشەویستیت بۆ دەپرژاند، گوناهـ لە دەروونتدا گەورە دەبوو و من،  کە لە توێژە شاراوەکانی لەشتدا نووستبووم ئەم گوناهەم بە ئێش و ئازارەوە لە گیانی خۆمدا کۆ دەکردەوە! ڕۆحی من حەوت ساڵی ڕەبەق چاودێری غەمگینی شادی، شادبەزی و شادچێژیی ئێوە بوو! حەوت ساڵ پێش ئەوەی کە تەنانەت باسێک لە پێکبڕان و پێکگەیشتنی ئێوە لە نێواندا بێت.
مانووشاک:     خەریکە گیانم دەربچێت! زۆر نیگەرانتم. مەند نیگەرانی ئەوە نیم کە هەڵە بکەیت. هەڵە هی مرۆڤە و بۆ گشت کەس ڕوو دەدات. بەڵام سامناک ئەوەیە کە مرۆڤ لە هەڵەکەی خۆیدا بمێنێتەوە. ئیتر لەوە ناکرێت ببووریت. منیش لێت نابوورم چما بە ئەنقەست گەرەکتە لە هەڵەدا بمێنیەوە.
مەند:            قسەکەی من یا کارەکەی تۆ؟ کامەیان هەڵەیە؟ من بۆ لێبوردن نابم یان تۆ؟
مانووشاک:     ئەمڕۆ بۆ من ڕۆژێکی ناخۆشە، مەند. بۆ تۆیش هەروا! تۆ لەپڕدا پەردەی شەرمی دایک و کوڕت دادڕی! ڕێک هەر بەو شێوە کە بە نەزانی و دەمەوەڕی پردی نێوان خۆت و باوکت ڕووخاند. تۆ بەم سەرکێشیتەوە زۆر خراپ خەنجەرت لە هەردووکمان دا.
مەند:            ئەستۆم شکێت! ویستی من ئەمە نەبوو!
مانووشاک:     ئێستا کە نهێنیی جەستەی دایکت درکاند، دەبێت هەر لەم دنیایەدا سزاکەیشی ببینیت؛ ئەویش بە خراپترین شێوە. ئاواتە خوازم جوانەمەرگ بیت! ئاواتە خوازم دوژمنت بە خوێن تینوو بێت! ئاواتەخوازم تیری نەبەدیت وێکەوێ. ئاواتەخوازم-
مەند:            بەسی بکە! دایە لێم ببورە. ڕەنگە مەبەستەکەم باش نەگەیاندبێت، لە دەمم دەرچوو. یان شایەد بوونەوەرێکی نائاساییم و خۆم نازانم. یان لەوانەیە بەبێ ئەوەی خۆم بمهەوێت بەدوای ڕازاوەیی کەوایەکەوە بووم کە لە ئاگر کرابێت نەک لە گۆشت و خوێن. هەر بۆیە جیهانی دەور و پشتم وەک ئێوە دەڵێن جیهانی سیما، هەمووکات بێزی هەستاندووم و بەیەکجاری پێبەندی جیهانێکی تر واتە جیهانی مەعنا بووم! قسەکەم نایەتە سەر زار. نازانم توانیم مەبەستەکەم ڕوون بکەمەوە یان نە؟ ئەگەرنا باش دەزانم هەموو دایک و باوکەکان، پێش لەدایکبوونی منداڵەکەیان، ئەویندار و گەنجن، پاک و جوانن، هێشتا ڕمووزنی زەمەن دەستی لێ نەوەشاندوون و پیر و پەککەوتە نەبوون! دەزانم هەموو منداڵێک بەرهەمی میهر و ئەوینە. دەزانم کەمێک قسەکانم سەختە و دەربڕینیان دژوار بەڵام...
مانووشاک:     قسەکانت نە سەختن و نە دژوار. بیرت لە عەشق داماڵراوە. تۆ کاڵی! هیچ لە ژیان تێناگەیت.
مەند:            بە هەڵە بۆی مەچۆ دایە. منیش ڕێک بەدوای ژیانێکی قووڵترەوەم. یانێ دەمەوێت بڵێم-
مانووشاک:     بیبڕەوە! قسەکانت تەواو بوون، ئەوە ڕێگا! بڕۆ. هەر بەکەڵکی ئەو جیهانە نەگریسە دێیت کە گەرەکتە خۆتی تێ فڕێ دەیت. بڕۆ! من هەموو شتێکم گوت و تۆ هیچت نەوت.
مەند:            نە وا مەڵێ! هەردووکمان هەر یەک شت دەڵێین. تۆ باسی چرا دەکەیت و من باسی ڕووناکی!
مانووشاک:     بڕۆ! تۆ لە ڕووناکی تێناگەیت، جێگایشت هەر تاریکییە! ئیتر تووک و نزاکانیشم ناهێنمە سەر زمان! لەنێو دڵمدا هێندە دەیانڵێمەوە تاکوو گیرا دەبن!
مەند:            ئیستە چی بکەم؟
مانووشاک:     ملت ورد بکە!
مەند:            دایە!
مانووشاک:     وتم بڕۆ. بەرەو تاریکی بکشێ. چوونت بێ و هاتنەوەت نەبێ.
(دوور دەبێتەوە)

مەند:            دڵم گیراوە. پێم خۆشە بڕۆم، هەڵفڕم. تاکوو کوێ نازانم. هێند ئەزانم ئیتر ئەم زەوییەم پێ خۆش نییە. چون هیچ شتێکی تاکوو سەر نییە، نە شادی و نە خەم، نە دۆست و نە دوژمن.

(لە ئاسمان ڕادەمێنێت. بەدوای شتێکدا چەند جار دەخولێتەوە. پاشان لەسەر تاتەبەردێکی سپیی ئەو نیزیکانە، هەڵدەکورمێت. ماوەیەکی درێژ بێ جووڵە و بزووت هەر وا دەمێنێتەوە. خدر و ئیلیاس کە لەمێژە، لە گشت شوێنێک چاودێریی دەکەن، بەئەسپایی لە پشت دارێکەوە دێنە دەرێ)

ئیلیاس:          نزا و پاڕانەوەیە یان بیرکردنەوە؟
خدر:            نازانم. لەوانەیە هەردووکیان بێت.
ئیلیاس:          گوێت لێ بوو چیی گوت؟
خدر:            ئەوەی کە دەبوا بیبینم دیتم و ئەوەی کە دەبوا بیبیسم بیستم!
ئیلیاس:          خۆی گوتی کراسێکی لە گڕ لەبەردایە، کەچی دەڵێیت ئاگری لە دەمدایە، زمانی لە هەورەتریشقەیش توندترە.
خدر:            نە ڕێزی ئەو سێ مەزنەی گرت و نە حورمەتی دایک و باوکی.
بنەگوو! کەوتووینەتە چ سەردەمێک! چ وەچەیەک!
ئیلیاس:          من دەڵێم زۆر خراپ جووتەی وەشاند، وا نییە؟
خدر:            با! ئەم هەتیوە بێ تان و پۆیەی ئامۆزامان هەناسەی ئێستایشی لەسەر زیادە! ئیتر بەسە!
ئیلیاس:          واتە کاتی گەیشتووە؟
خدر:            مەگەر بەڵێنت بە ئیبن‌عوبەید نەدا؟
ئیلیاس:          نامەوێت پاشگەز ببمەوە. بەڵام ئەو نەیبڕییەوە! نەیگوت ئەمڕۆ!
خدر:            ئەی هەر لەپێشدا ئەو کیسە زێڕەی بۆچی پێ دایت؟
ئیلیاس:          تۆیش وەرتگرت.
خدر:            چاکە، وریایت. ئۆتمیش چی؟ ئەو شتێکی لە چنگ دانەچۆڕا؟
ئیلیاس:          با. دواجار کە ئەم ئەسپەکانی برد کە گوایە بیانلەوەڕێنێت، گیانم هاتە لووتم تاکوو توانیم ئەو کیسەیەی لێ هەڵکڕێنم.
خدر:            قسەت دوو هەنگاو بڕ ناکات! بەڵێنمان وا بوو؟ بەڕاست کە ناپیاویت!
ئیلیاس:          بۆچی ناپیاو؟
خدر:            دوو کیسە بوو، فێڵباز! خۆم دیتم. بڕیارمان نیوە بە نیوە بوو. بەشەکەم با بێت.
ئیلیاس:          هانێ! کێ چیی گوتووە؟ خەسرەو چی؟
خدر:            بێ‌شەرەف گوتی پاش تەواو بوونی کارەکە.
ئیلیاس:          درۆ ناکەیت؟
خدر:            من و درۆ؟ بڕۆ بپرسە.
ئیلیاس:          پرسیم. وای بە منیش گوت.
خدر:            باشە. ئیتر قۆڵی لێ هەڵماڵین.
ئیلیاس:          لێرە؟
خدر:            ئەرێ. جێگایەکی تەریک و مەندە! ئەم جوانخاسە ئەگەر ڕێی بکەوێتە شار، چەپ و ڕاست شانازی دەماشێتەوە و ئەوسا ئەو شارییە گێژ و وێژانە دەیکەن بە گوڵی سەرتۆپ و لە لاژوورووی خۆیان دایدەنێن، ئێمەیش دەبێت دیسانەوە بەتاڵ بین و بێ‌بازاڕ!
ئیلیاس:          تۆ بڵێ خوێڕی باشترە. ئەمە بۆ هەرکوێ بڕوات ئێمە لەوێ هیچ و پووچ و نزم و نەوی! لە هەر کوێ بێت ئێمە زیادی! بەرپێ! هەر نابینرێین.
خدر:            ئەوەندە پیش مەخۆرەوە و کلکی خۆت مەکرووژێنە. ئیتر کۆتایی هات. ئەم جارە بەختەکەی نەهاتە.
ئیلیاس:          چون بە بەزمی دەنگی زرینگە و زڕەی ئەم زێڕانە ژێرەوژوور دەبێت!
خدر:            ئەڵبەت تێکەڵ بە دەنگی خەنجەرەکەی تۆ!
ئیلیاس:          بچووک نییە؟
خدر:            ئەمەیش بگرە. ئەمە پانترە. دیتم کە ئەویش دوو خەنجەری پێیە.
ئیلیاس:          چ ودمێک! دەسکی خەنجەرەکەی تۆیش نقێمبەندە، وەک ئەوەی من! شینی شینە!
خدر:            ئەمە خۆی نیشانەیە! ئەوانیش بران!
ئیلیاس:          بەم دوو شیرینە شینە، دوو خەنجەرەی دەکەمەوە. ئاوا یارمەتیم دەدەیت؟
خدر:            ئەگەر پێویست بوو.
ئیلیاس:          پەمۆکارەکانی دۆڵی "پەمۆ" ڕۆیشتوون؟
خدر:            مەگەر تۆ دەنگێکت بیست؟
ئیلیاس:          نە.
خدر:            کە وا بێت چوون. دۆڵ پڕ لە بێدەنگی و سپێتییە. ئەژنۆت نەلەرزێت.
ئیلیاس:          هێشتا بێدەنگە.
خدر:            هەروەها بێ‌جووڵە.
ئیلیاس:          باشتر.
خدر:            کاتی هاتووە. هێواش بڕۆ، پێت نەزانێت.
ئیلیاس:          جا چۆن؟
خدر:            بە خشکە. سینگە خشکە.
ئیلیاس:          وەکوو مار؟
خدر:            ئا، وەک مار. وەرە تۆزێک پەمووت تێوە دەم، جلەکانت یەکجار ڕەشن. دەموچاوت بۆ سپی و شین هەڵگەڕاوە؟
ئیلیاس:          هی ترس نییە. وەڕەزم. جا سەیر بکە چۆن شاخی دەشکێنم.
خدر:            ئێستا لە ڕەشمارێک دەچیت بە لغاوێکی سپییەوە.
ئیلیاس:          ترسناکم؟
خدر:            کەمێکیش لە گەپچاڕ دەچیت. بڕۆ. لەپشت بەردەکەوە بڕۆیت ناتبینێت.
ئیلیاس:          کاری تەواوە! ئێستا بیبینە و چێژ ببە!
خدر:            چوار جاران، خێرا لە پشتەوە. دەزانیت؟
ئیلیاس:          ناتوانم نە-ت پێ بڵێم.
خدر:            درێژەی پێ مەدە.
ئیلیاس:          سەری چی؟ بیبڕم؟
خدر:            پاشتر. ئیستە بڕۆ.

(خدر دیسان خۆی لەپشت دارەکەوە حەشار دەدات. ئیلیاس بەئارامی لەپشتەوە لە مەند نیزیک دەبێتەوە. هەر دوو خەنجەرەکەی دادەهێنێتەوە لە پشتی بدات، بەڵام مەند بە بیستنی خشەیەک وەکوو پزیسک هەڵدەبەزێت و بە دوو خەنجەرە زێڕینەکەیەوە، بەرەوڕووی دەبێتەوە. وەک دوو بەرانی جەنگی، بەهێز و جەنگاوەر، ئامبازی یەکتر دەبن)

ئیلیاس:          هەی لەعنەتت لێ بێت!
مەند:            بۆ لەپشتەوە؟ هەڵمەتەکەت لە هی چەتە و ڕێگران دەچێت.
ئیلیاس:          ئێستا سەرت لە لاشەت دەکەمەوە، پەڕاوپەڕ بەتەواوی.
مەند:            وەک پیاوکوژان قسە دەکەیت.
ئیلیاس:           شایەتومان بهێنە! ڕۆژ هی خودایە بەڵام تۆ گزینگی بەیان نابینیت.
مەند:            بۆچی؟ لەبەر ئەوەی کە تۆ ئامۆزای ناپیاوی منی؟
ئیلیاس:          ناپیاو ئەتۆیت!
مەند:            باوکم وەک کوڕی خۆی گەورەی کردیت. تاکوو دوێنێ وەک برام بوویت!
ئیلیاس:          حەتمەن دەتەوێت بەوەیشەوە شانازی بکەم!
مەند:            شانازی بکەیت یان نا، تۆ ترساویت و هەر لە ئێستاوە شەڕەکەت دۆڕاندووە!
ئیلیاس:           وا مەزانە کە بەبێ هۆ خەنجەرم لە ڕووت هەڵکێشاوە.
مەند:            کامە هۆ؟ لە کەری شەیتان وەرە خوارێ.
ئیلیاس:          ئیتر کارد گەیشتووەتە سەر پێشەم.
مەند:            بێ پێشەکی؟ کێ چووەتە بن کڵێشەت؟
ئیلیاس:          هیچت دەست ناکەوێت.
مەند:            بڵێ کێ دنەی داویت. بەرۆکی خۆت بۆ کێ دەدڕیت؟
ئیلیاس:          خۆم، خدر، ئەوانی تر. ڕۆژی هەمووانت ڕەش کردووە.
مەند:            من؟
ئیلیاس:          تۆ! ئەرێ تۆ!
مەند:            لە کەنگێوە؟
ئیلیاس:           لەو کاتەوە کە بیرم بێت.
مەند:            کە وابێت دەتەوێت من نەبم!
ئیلیاس:          بۆیە لێرەین.
مەند:            بەڵام لێت قەوماوە. تاک و تەنیایت. خدرە داماوەکەت دەرچوو.
ئیلیاس:          ئەی ناپیاوی ترسنۆک! بەڵام من بەتەنیا بەهێزترم!
مەند:            هەتا بیرم بڕ بکات، قسە و کردەوەت یەکیان نەگرتۆتەوە، ترسنۆک!
ئیلیاس:          دەمت داخە. وەرە پێشێ. شەڕ بکە!

(زرمەی دەف و دەنگی دەهۆڵ هاوپێی پێکدادانەکەیانە. دوای ماوەیەک دەست لە ململانێ هەڵدەگرن)

ئیلیاس:          خۆر بێ‌بەزەییە! ڕۆژ کورتە، تەمەنی تۆ کورتتر!
مەند:            بوو بە نوێژی نیوەڕۆ و هیچت پێ نەکرا بەرانە شینی لە پێ کەوتوو!
ئیلیاس:          تۆیش تاکوو ئێستا لە پەل و پۆ کەوتوویت بەرانی زێڕین! مەحاڵە لە دەستم ڕزگار ببیت.
مەند:            تا ئێستایش بە ئاستەم خۆت لەسەر پێ ڕاگرتووە، دیتت کە پێم ناوەستی و باشارم ناکەیت.
ئیلیاس:           لووتت فرە بەرزە. ئەزانم. بەڵام ئیتر کۆتاییتە.
مەند:            کێ بەڵێنی پێ داویت؟ بەم کارەت دەتەوێت پەل و پۆ بە کامە ئاواتت بدەیت؟
ئیلیاس:          تۆ هۆیەکی ڕێکوپێک بۆ زیندوو مانت بدۆزەوە ڕۆژەڕەش!
مەند:            لەجێی شیڕەشیڕ شەڕەکەت بکە براکوژ!
ئیلیاس:          وەی بە گیانت. کاتی ئەوە هاتووە کە پشتت لە زگت نەرمتر بکەم!

(دیسان زرمەی دەف و دەنگی دەهۆڵەکان لەگەڵ بەز و دابەزیان یەک دەگرێتەوە. ڕۆژ خەریکە ئاوا دەبێت. شەڕەکەیان دیسان ناتەواو دەمێنێتەوە)

ئیلیاس:          لە خۆم خۆش نابم. خۆر دائەچێت و تۆ هێشتا هەر زیندوویت.
مەند:            ئاواتە درۆیینەکانت بوون بە تۆوی دەم با!
ئیلیاس:           نامەوێت بە هیچ شێوەیەک وازت لێ بێنم، نابێت!
مەند:            بەڵام من هێشتا هەر زیندووم، خەیانەتکار! تۆیش بەو چاوە داقڵیشاوانەتەوە دەتوانیت بیبینیت.
ئیلیاس:          دەڵێن کەسێک کە بەسەر ناخی خۆیدا سەردەکەوێت، گەورەتر لەو کەسەیە کە شکستی بە هەزار کەس هێناوە!
مەند:            نە، وا دیارە کە زۆریش گەمژە نیت.
ئیلیاس:           ئێستایش پێشنیارێک، پێش ئەوەی تاریک دابێت.
مەند:            کار لەم شتانە ترازاوە.
ئیلیاس:          کەللـەڕەق مەبە! گەیشتوومەتە شوێنێک کە دەبینم ئەم شەڕە دەستکەوتێکی بۆ من تێدا نابێت.
مەند:            ئاشتیخوازانە دەدوێیت.
ئیلیاس:          ڕاست ئەکەیت. شەڵاڵی ئارەقین و هێشتا لە خاڵی سەرەتاداین.
مەند:            ئا. دیارە چاکت بۆ هەڵنەسووڕا. کەرەکەت لە قوڕ چەقیوە.
ئیلیاس:          دەزانم کە ئەوە منم کە باوەشم بەم ژیانەدا کردووە و تۆیش بێ‌خەمی هەموو شتێک. وا هات و تۆ شەڕەکەت بردەوە و تۆ مایتەوە.
مەند:            تۆ گوتت کە ئیتر گزینگی بەیان بە چاوی خۆم نابینم. ئێستا لە بەزمێکی تر دەخوێنیت؟
ئیلیاس:          بەسە. دەبێت لەم گرفتارییە دەرباز ببین. دەمەوێت بەڵێنێکم پێ بدەیت.
مەند:            تەنیا بۆ جارێکیش بووە با قسەی ڕاستت بێتە سەر زار. چ فڕ و فێڵێکت پێیە؟
ئیلیاس:          لەجێی جنێو و بوختان، گوێ لە وەسیەتم بگرە!
مەند:            وەسیەت؟
ئیلیاس:           دوایین داواکاریم.
مەند:            تۆ داواکاریشت هەیە؟
ئیلیاس:          ئەمە دوایینەکەیانە. ئەگەر مردم –دەزانم لە بەهەشت جێم نابێتەوە- بەڵام ئەگەر لەم شەڕەدا مردم، تکایە لە قەندیل بمنێژە.
مەند:            داواکەت ئەمەیە؟
ئیلیاس:          دەزانم هەموو ڕۆژ هەتاو لەم کێوەوە هەڵدێت و جێگەی دۆعا و پاڕانەوەی تۆیش هەر لەو بەرزانەیە.
مەند:            بۆچی قەندیل؟
ئیلیاس:          با بەشی منیش لە بەهەشت هێندێک لەم چیا و هەتاوە بێت!
مەند:            ڕاستییەکەی-
ئیلیاس:          مەند هەموو کەسێک باسی لێبوردەیی و چاکەی تۆ دەکات!
مەند:            ئیستە هۆش و بیرم داخراوە و ناتوانم بڕیار بدەم.
                    قەندیل جێگایەکی پیرۆزە و تۆ-
ئیلیاس:          ئەمە دوایین داوامە!
مەند:            بەڵام-
ئیلیاس:          دەستەکانت ماچ دەکەم!
مەند:            نە نە پێویست ناکات!
ئیلیاس:          با بەسەر پێیانتدا بکەوم!
مەند:            باشە! لە کام لا؟ کامە بنار؟
ئیلیاس:          ئا.. لەوێ.... ئەو لایە.... ئەو بەرزاییە.

( بە ئاماژەی دەستی ئیلیاس، مەند بێ‌ئاگا بەرەو بەرزاییەکانی قەندیل وەردەسووڕێت. ئیلیاس خێرا لێی نیزیک دەبێتەوە و دەستبەجێ، بە هەموو هێزێکیەوە، هەر دوو خەنجەرەکەی لە پشتی دەچەقێنێت. هەموو دەف و دەهۆڵەکان دەکەونە شین و شەپۆڕ و بانگ و ناڵەیان تا دوور دوور دەچێت. ئیلیاس تۆقیو و پەشۆکاو، ڕا دەکات. میدیابەگ، ئیبرایم بەگ، حەمزەبەگ، شەمسی تەورێز و هەموو پیاوانی گوندی ماوەڵۆ، مانووشاک و ژنانی تری هۆز، شڵەژاو دەست لە کار هەڵدەگرن. بە چوار دەوری خۆیاندا دەڕوانن و پەشۆکاو گوێ لە هاوار و قیڕەی مەند دەگرن. مەند خوێناوڵ، خەنجەر چەقیو لە کەوای زێڕینی، نەخشێک دەکێشێت ڕەمزاوی و هێڵێک دەکێشێت ناڕوون و ماناگوم. دوو شوان، یەکێک پیر و یەکێک گەنج، هەراسان دێنە ژوورەوە و مەند لە ئامێز دەگرن)

شوانی پیر:     چ برینێک! چ لێدانێک! هەموویشی لە پشتەوە!
شوانی گەنج: دەمێنێت؟
شوانی پیر:     نە، گیانی دەرچووە. بکوژەکەیت دیت؟
شوانی گەنج: ئیلیاس بوو. ڕای کرد.
شوانی پیر:     خراپ بێ‌کەس‌کوژی کرد.
شوانی گەنج: بێجگە لە ئێمە دوانی تەنیا با و چیا دەزانن کە کێ مەندی کوشتووە!
شوانی پیر:     دەنگی زۆر بەرز بوو و زۆر دوور ڕۆیشتووە. تۆ بڵێیت لەو خوارەوە کەس گوێی لێ نەبووبێت؟
شوانی گەنج: لەوانەیە بیستبێتیان و لەوانەیشە کە نە.
شوانی پیر:     تەنانەت ئەگەر بیستبێتیان، خۆ ڕاستیی ڕووداوەکە نازانن!
شوانی گەنج: ئەمەیش بۆ خۆی قسەیەکە! ئیستە چی بکەین؟
شوانی پیر:     نابێت دەستەوستان بین و تەرمی ئەم جوانەمەرگە بەم درەنگی ئێوارەیە لێرەدا جێ بهێڵین.
شوانی گەنج: وایە. هاوخەمی نیشاندانی خاڵی کەڵکی نییە. دەبێت هەواڵیان پێ بدەین.
شوانی پیر:     خۆت دەزانیت کە من وەک بای پاییز پیرم و لەپێکەوتوو، جووڵە و بزووتم خاو و دژوار. بەڵام تۆ وەک بای بەهار گەنجیت و چالاک، تۆ هەواڵی کوژرانی ئەم شاسوارە ببەرەوە.
شوانی گەنج: ئەی ڕانەکەم؟
شوانی پیر:     تا دێیتەوە ئاگام لێی دەبێت.
شوانی گەنج: دەڕۆم. بە گیان و دڵ.
شوانی پیر: (کەواکەی مەندی پێ دەدات) ئەمەیش ببە. دەبێت بیبینن.
شوانی گەنج:  ئەم هەموو نەخشە چییە لەسەریەتی؟
شوانی پیر:     خوێنە.
شوانی گەنج: دەزانم، بەڵام وا دیارە شتێکی نووسیبێت.
شوانی پیر:     من خوێندنەوە نازانم. حەتمەن بەسەرهاتی ڕووداوەکەیە.
شوانی گەنج: دەیدەم بە خزم و کەسی بیخوێننەوە.
شوانی پیر:     بڵێ زوو بێن. دەنا تەرمەکەی دەبێتە خۆراکی جڕ و جانەوەر. لەم دۆڵەدا ئەوەی زۆر بێت گورگ و بەرازە.
شوانی گەنج: تا دێمەوە، هەر لێرە بیت.
شوانی پیر:     مەترسە. دەمێنمەوە. تۆ بڕۆ!
شوانی گەنج: (بە سەرسوڕمانەوە لە ئاسمان دەڕوانێت) ئەمە چییە؟
شوانی پیر:     سەیرە چ بارینێک!
شوانی گەنج: چییە کە دەبارێت؟ بەفرە یان پەموو؟
شوانی پیر:     جا ئێستا کەی کاتی بەفرە؟ پەمووە! دەستی لێدە.
شوانی گەنج: تا ئیستە نەمدیتبوو پەموو ببارێت.
شوانی پیر:     لە موعجیزە دەچێت.
شوانی گەنج: پێم خۆشە ڕاوەستم و چاوی لێ بکەم.
شوانی پیر:     بڕۆ، ڕامەوەستە. هەواڵەکە گرینگترە.
شوانی گەنج: من ڕۆیشتم.

(شوانی گەنج کەوا زێڕینەکە وەک هێمای کوژراوی مەند هەڵدەکات، دەیشەکێنێتەوە و بە تاو بۆ لای کەس و کاری مەند دەڕوات. هەر کەسێک بە هاوار و شیوەنەوە و شمشێرێک بە دەستەوە، لێی نیزیک دەبێتەوە و وردە وردە دەورەی دەدەن. یەکە یەکە دەستێک لە کەواکە دەدەن و دەکەونە سەما. دەڵێیت ئەڵقەی زیکرە. مانووشاک لەگەڵ ژنانی تر خۆی دەڕنێت و سینگ دەکوتێت، بە «وەی، وەی» ێکی تاڵەوە، دەیلاوێنێتەوە و شین دەگێڕێت)

مانووشاک:     «وەی، وەی، وەی، وەی»
                    وەی ڕۆ! ئیبرایم
                    براکەم
                    خاڵۆی مەند!
                    کەی کاتی دانیشتنە
                    هەستە و بە خەنجەرە تیژەکەت
                    زمانی منی تووک‌ونزاکەر ببڕە
                    ئەم مەرگە ناڕەوایە
                    خواستی ئەم ژنە بوو
                    خواستی خوشکە دڵڕەش و جەرگ‌سووتاوەکەت بوو!
                    «وەی، وەی، وەی، وەی»
                    وەی ڕۆ! حەمزە!
                    بەگی گەورە
                    خزمە نەبەردەکەم
                    ئامۆزا بەڕەحمەکەم
                    ئەمە مەندی خوێناویی منە!
                    مەڵێ مەرگەکەی هی تەنیاییە
                    یان لەبەر ڕۆژی ڕەشی ئەم کۆڕە غەمگینە!
                    «وەی، وەی، وەی، وەی»
                    ئەی شەمس، خۆرەتاوەکەی تەورێز!
                    تۆ باڵت بە باڵی مەندەوە بێت.
                    تۆ هاوڕێ و غەمخۆری بە
                    ئای چۆن غەریب کوژ کرا
                    بە دەستی ئیلیاسی بەدفەڕ
                    ڕووڕەشی بەدکردار
                    «وەی، وەی، وەی، وەی»
                    هۆ پیاوەکان، پیاوانی سپی‌پۆش
                    ئەمە تەرمی لە خوێن‌گەوزیوی مەندە
                    ئەی سپی‌دەستەکانی دۆڵی پەموو
                    کەی بەتاو دێن بۆ ئەم وێرانە
                    گەورە و مەزنی حەوت گوند و حەوت دۆڵ
                    گەورە پیاوانی هۆزی ماوەڵۆ
                    هەستن و تۆڵە بستێنن
                    لەم برا کوژە دڵ پڕ لە قینە
                    ئەم ئیلیاسە ئەجەل گەیشتووە
                    «وەی، وەی، وەی، وەی»

(شین و شەپۆڕ و سەمای زیکر لەپڕ ڕادەوەستێت. بێدەنگییەکی بەسام هەموو لایەک دادەگرێت. میدیا بەگ داماو و تێکشکاو، بێدەنگ لە سووچێکدا کەوتووە)

حەمزە بەگ:   ئیبرایم بەگ، تۆ گەورەی ئێمەیت. دەزانم تۆیش کەوا و خەتی مەندت دیت. تۆ بوێریت و دڵئازا. ترس و ئازار ناناسیت. دەزانم کە دەزانیت مەند و ناوی مەند، ناوی هەموومان و هی هەموو ئەم مەڵبەندەیە. دەزانم ئیتر بۆ تۆڵە سەندنەوە، ڕاناوەستیت. دەزانم لە هەر کوێ شیر بگێڕیت، کەس ناتوانێت بەرگەت بگرێت. دەزانم کە بێدەنگی و خامۆشی خراپە و خەڵک وا دەزانێت کە ئەوان ڕاستن. دەزانم کە نابێت دەستی دەستی بکەین و بهێڵین ئەم خوێنە بە فیڕۆ بڕوات و وەکوو بەفرەکەی پار لە بیر بکرێت. دەیشزانیت کە لە فەرمانت دەر ناچم، لەگەڵتم بۆ هەر شتێک کە تۆ بتهەوێت، بۆ هەر شتێک کە تۆ بیڵێیت و بۆ هەر کوێیەک کە تۆ بڕۆیت!
ئیبرایم بەگ:   حەمزەی دلێر! ئەم مەرگە دڵتەزێنە هەستی هەموومانی بزواند و بەرچاوی گشتمانی ڕوون کردەوە. ڕاستی وەک هەتاو ڕوونە. قسەکەم سادەیە. ئیتر براکوژی بەسە! ئیتر با خەنجەرەکانمان لە ڕووی یەکتر هەڵنەکێشین. هەر چوار دەورمان بە دوژمن گیراوە، بەس نییە؟ شەرم دەمگرێت ئەگەر بڵێم هەتا دوێنێ لەم خەیاڵە خاوەدا بووم کە ئیتر ئەم نەریتە کۆنەمان لە بیر کردووە و نەسڵ و وەچەی تازە بووە بە شتێکی تر! بەڵام لە هەڵەدا بووم. ئەگەر ئاوا بڕۆینە پێش، داهاتوومان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕەشتر دەبێت. نابێت کۆڵ بدەین. ئەگەر جڵەو بۆ ئەم براکوژییە شل بکەین، ئیتر کەس بەری پێ ناگیررێت. خەیاڵیشت ئاسوودە بێت، ئەم دوو خەیانەتکارە، دەکەونە داوەوە. هەر ئەمڕۆ.
شەمس:         لە خۆمدا هەستی تۆڵە شک نابەم. بەڵام ئەو دوانە باش دەناسم. ئەو دوو پیاوە، خراپەی ڕووت و ڕەهان و درۆ و ناڕاستیی سەر زەوی. سەرم لە کاریان سوڕ دەمێنێت. تەنیا دەکرێت بڵێم هاوسای نیزیک لە برای دوور فرە خاسترە.
 پیاوێک لە پیاوانی هۆزی ماوەڵۆ:
ئەو دوو کەسە چ بە درۆ چ بە ڕاست بێنە پێش چاو، چ ڕەوا بن چ ناڕەوا، ئێمە ئیتر نامانەوێت لە بەر گۆپاڵ و بەرشەپان بین. حەیفە پەنا ملی ئێمە و ئێوە بۆ زیللەی ئەمانە.
پیاوێک لە پیاوانی دۆڵی پەموو:
 لێرەدا نە هاوزمانی بەهایەکی هەیە و نە هاوخوێنی. هەڵکردن لەگەڵ ئەمانەدا وەک گۆرانی بۆ کەڕ گوتن و هەڵپەڕکێ کردن بۆ خەڵکی کوێرە. بێ‌ پێچ و پەنا بیڵێم بێ‌سوودە! هەردووکیان بێ‌کەڵک و هیچ و پووچن! سەربار و زیادین!
ئیبرایم بەگ:   منیش هەر بەو شێوەیە بیر دەکەمەوە. ئەگەر بەسەر ئەمانە و خوو و خدەی ئەمانەدا زاڵ نەبین، زۆری پێ ناچێت کە ئەوان بەسەر ئێمەدا زاڵ دەبن. زۆڵی و بیژوویی مایەی ناوێت، ئەوەندەی دەوێت ڕەنگی پارە بگۆڕدرێت. ئیستە لە کوێن؟
حەمزە بەگ:   خدریان گرتووە. جێگەی ئەویشیان دەزانین.
ئیبرایم بەگ:   بۆ کوێ چووە؟
حەمزە بەگ:   بەرزاییەکانی قەندیل. لەو سەرە خۆی حەشار داوە. لەپشت ڕووناکییەوە.
ئیبرایم بەگ:   تۆ گوتت کوێ؟
حەمزە بەگ:   لەپشت خۆرەتاوەوە خۆی شاردۆتەوە. ئاوا دەڵێن.
شەمس:         ئەمە کوفرە. قسەکە گەورە دەکەیتەوە. خۆر جێگای ناپاکێکی وەک ئەو نییە.
ئیبرایم بەگ:  لەوانەیە ڕووناکی کوێری بکات.
حەمزە بەگ:   بڵێ کوێرتر! مەحاڵە قەندیلی پیرۆز پەنا بدات بە براکوژ!
ئیبرایم بەگ:   بیهێننە خوارەوە. دەبێت بێتە خوارێ.
شەمس:         من ڕێگەکەی دەزانم. دەزانم چۆن.
ئیبرایم بەگ:   بڵێ
شەمس:         کوورە و کۆڕی زیکر!
حەمزە بەگ:   چۆن؟
شەمس:         تەنیا شتێک کە ئەو براکوژە لەم ئایینەدا پێی خۆشە، هەر ئەم کۆڕی زیکرەیە!
ئیبرایم بەگ:   باشە لانیکەم شتێک هەیە کە پێی خۆش بێت!
شەمس:         دەیورووژێنێت. زرمەی دەفی کۆڕی زیکر مەستی دەکات، شادەماری دەبزوێنێت و کارێک دەکات هەوساری خەونەکانی بسپێرێتە دەستی با. ئەو حەز بە سەمای زیکر دەکات. دیتوومە لەو کاتەدا لەگەڵ ئەوانی تر دەبێتە یەک. هەرچەند بە ئاسایی لەگەڵ هیچکەس تێکەڵ نابێت.
ئیبرایم بەگ:   دەی چاوەڕێی چین؟ دەفژەنەکان بێن. کۆس و تەپڵیشتان لە بیر نەچێت. هەرا و زەنایەک بەرپا بکەن کە ئەم بیژووە بەرگە نەگرێت و خۆی دەر بخات. دەمەوێت هەر لەم ڕێوڕەسمەدا چوارمێخەی بکێشم و ڕۆژی ڕەشی خۆی پێ نیشان دەم! وەرن.

(هەموو پیاوان بە ناڵە و نەوای دەف و تەپڵ و کۆسەوە ئەڵقەی زیکر ئەگرن و پرچیان بەر دەدەنەوە. زۆری پێ ناچێت ئیلیاس لەپشتی خۆرەوە و لەسەرەوەی قەندیل دێتە خوارێ. هەموو ئەندامی لەشی ئاگرە و هەموو گیانی خەریکی سووتانە. دەگاتە حەڵقەی زیکر. کۆڕەکە دەورەی دەگرێت. کەمێک پاش ئەوە، لەو شەیدایی عارفانەدا، ڕۆحی داگیرساوی مەند، بە دوو خەنجەری دەسک زێڕینەوە دەردەکەوێت. مەند کە بە سەمای زیکر و هەی هەی-یەوە بەتەواوی حاڵی لێ هاتووە، ئیلیاس کە تەنگی پێ هەڵچنراوە، بە زەربی خەنجەر کوت کوت دەکات. ناڵە و نەوای دەف و دەهۆڵ و تەپڵ و کۆس بەردەوامە، ئەڵقەی زیکر بێکۆتایی)


نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

بەیتی شێخ مەند و شێخ ڕەش

زمان- پەیوەندیی ڕەگی ڕابوردوو و ڕانەبوردوو لە زمانی کوردیدا ٣

دڵە دامەنی- دیوانی سەید یاقۆی ماهیدەشت، بەشی یەکەم