زمان- پەیوەندیی ڕەگی ڕابوردوو و ڕانەبوردوو لە زمانی کوردیدا ٣


ڕێسایەکی تر بۆ ئەو کارانەی کە بە زیادکردنی دەنگی /د/ بە ڕەگی ڕانەبوردوو، ڕەگی ڕابوردوویان دروست دەبێت ئەوەیە
کە ئەگەر ڕەگە ڕانەبوردووەکە بە دەنگی نیوەبزوێنی /و/ کۆتاییی پێ بێت، بۆ ڕەگی ڕابوردوو دەنگی /د/ دەبێتە /ت/:

  1. خەو، خەوت، خەوتن
  2. کەو، کەوت، کەوتن
  3. بزوو، بزووت، بزووتن
  4. ئەنگێو، ئەنگاوت، ئەنگاوتن
  5. ژنەو، ژنەوت، ژنەوتن

  • ئەو ڕەگە ڕانەبوردووانەی بە دەنگە کپەکانی /س/ و /ش/ کۆتاییان پێ دێت، بۆ ڕەگی ڕابوردوو دەنگی /د/ دەبێتە /ت/:

  1. بیس، بیست، بیستن
  2. لێس، لست، لستن
گرینگیی ئەم شێوەیەی داڕشتنی ڕەگی ڕابوردوو لە ڕەگی ڕانەبوردوو لەوەدایە کە جیابوونەوەی زمانی کوردی لە سەردەمانێکی زووەوە لە زمانی فارسی نیشان دەدات. لە زمانی فارسیشدا هەرچەند ئەم شێوە داڕشتنە هەیە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ زمانی کوردیدا زۆر کەمە. دەبێت لێکدانەوەیەک لە سەر چۆنیەتیی گەشەی زمانی کوردی بکرێت کە هۆی زۆربوونی ئەم شێوە کارەمان بۆ ڕوون ببێتەوە.
دەستەی کاری تێپەڕێنراو واتە کارێک کە بە زیادکردنی (-ێن) بۆ ڕەگی ڕانەبوردوو دروست دەبێت، ڕەگی ڕابوردوو بە پێی ڕێسای (ێ---->ا) و (ڕەگی ڕانەبوردوو+/د/=ڕەگی ڕابوردوو)، دروست دەکەن. واتە:

-ێن------->-اند 
پاشتر چۆنیەتیی پۆلێنکرانی ئەو کارانە و هەروەها دەستەی سێیەمی کار (-ان و -ین)، دەخەینە بەر باس. لێرەدا بۆ کۆتاییی دەستەی یەکەم خشتەیەک لەو دەستەیە دادەنێم. هیوادارم یارمەتی بدەن بەڵکوو بتوانین ئەو خشتەیە دەوڵەمەندتر بکەین.
 

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

بەیتی شێخ مەند و شێخ ڕەش

دڵە دامەنی- دیوانی سەید یاقۆی ماهیدەشت، بەشی یەکەم