دیوانی سەید یاقۆی ماهیدەشت ٢

لە بەشی دووەمی نوێکردنەوەی دیوانی سەید یاقۆدا دەقی شیعرێکی بەناوبانگی ئەو شاعیرە دەخەینە پێش چاوی خوێنەران. ئەم  شیعرە لە ڕووی نوسخەی چاپکراوی موحەممەد عەلی سوڵتانی خوێنراوەتەوە و لەگەڵ دەقەکانی مامۆستا عەلائەددین سەججادی، بابەمەردۆخ ڕۆحانی و مارف خەزنەداردا بەراورد کراوە. دوای شیعرەکە و باسێکی کورتی چۆن بەراورد کردنیان، وێنەی دەقی ئەو چوار سەرچاوە دانراوە

1.       شوورێ وە سەرم کەوتییە لەم مەستیی چاوە                    هیچ جێگە نەنیشم مەگەر ئەو جێ کە شەراوە
2.       ئەم زولف و ڕوخە، دلبەرە یا لەیل و نەهارە؟                  یا هەورە ڕەشی پەردەوەشی بانی هەتاوە؟
3.       ڕوخسار تۆ وەک مانگ و دوو زولفت وەکوو عەقرەو        هەرچەند کە قەمەر عەقرەوە ڕازیم بە قەزاوە
4.       (سۆزی دڵمە باعیسی تاو و کوڵی گریان                        مەعلوومە کە ئاگر سەبەبی جۆششی ئاوە)
5.       ماچان کە غەزاڵان چەرنەی شۆرە زەمینن                     پەس ئاهوویی من چێشە کە لەم دیدە ڕەماوە؟
6.       ئەی دڵ گوزەرێ کە وە کەمەرتاشیی فەرهاد                   بێن ناڵەکەی ئەیژنەوی لەو دڵە کاوە
7.       زاهد وە کەلام! غەیر خەت و ئەبروویی دڵدار                   مەیلم نە وە مزگەوت، نە وە مێراو و کتاوە
8.       زولفت و ڕوخت، وە‌هـ چە پەرێشان و بڵاوە                   سەبرە و بە دڵی شیفتە، یەکبارە ڕژاوە
9.       چاوان نگارم وە سپاهـ موژە ماچان                               ئەی لەشکەر خوێنڕێژ ئەمە وەخت چەپاوە
10.   دلبەر! لە غەمت "سەیید" بێچارە سەرشەو                       خوێنڕێژییە لەم چاوە هەتا سوبح دەماوە

١- لە بەیتی یەکەمدا بابە مەردۆخی ڕۆحانی (مەستی دوو چاوە)ی هێناوە کە دیارە بۆ نەشێوانی کێشی شیعرەکە بڕگەی (دوو)ی١- زیاد کردووە. لەکاتێکدا ئەگەر (مەستی) بە (مەستی یی) بخوێنرێتەوە کێشەی شێوانی کێش نامێنێت. خەزنەدار لە کتێبەکەی خۆیدا بە (مەستیی) تۆماری کردووە. بێجگە لەوە مامۆستا سەججادی لە جێی (لەم=لە ئەم)، (لەی=لە ئی) بەکارهێناوە. هەرچەند (لەی) کەلهوڕییە بەڵام لێرەدا شاعیر ویستوویەتی بە شێوەزاری نالی شیعر بڵێت؛ بۆیە ڕەنگە لێرەدا (لەم) دروستتر بێت. هەر لە باڵی دووەمی دێری یەکەمدا، کە سوڵتانی بەشێوەی (لەم جێگە نەنیشم مەگەر ئەو جێگە شەراوە) چاپی کردووە، سوڵتانی و خەزنەدار بە (لەم جێگە) و سەججادی و بابەمەردۆخ بە (هیچ جێگە)، نیوەدێڕەکە دەست پێ دەکەن، کە بەڕای ئێمە، بە سەرنجدان لە درێژەی ڕستەکە تەنیا (هیچ جێگە) دروستە. بابەمەردۆخ، سوڵتانی و خەزنەدار هەرسێکیان (مەگەر ئەو جێگە شەراوە) یان نووسیوە بەڵام مامۆستا سەججادی (مەگەر ئەو جێ کە شەراوە)ی نووسیوە، کە ئەوەی مامۆستا سەججادی زۆر جوانتر و مانادارترە.
٢- لە دێڕی دووەمدا، لە نێوان سەرچاوەکاندا سێ جیاوازی دەبینرێت. یەکەم
مامۆستا سەججادی لە جێی (زولف و ڕوخ)، (خەت و خاڵ)یان بەکار هێناوە. بە لەبەرچاوگرتنی (لەیل و نەهار)، ڕێی تێ دەچێت کە (زوڵف و ڕوخ) دروستتر بێت. جیاوازیی دووەم لە بەکارهێنانی (ئەم زولف و ڕوخی) یان (ئەم زولف و ڕوخە)دایە. خەزنەدار و بابەمەردۆخ بە (ئەم...ی) هێناویانە، ئەوەی سوڵتانی بە هەردوو باردا دەخوێنرێتەوە و تەنیا مامۆستا سەججادی بە ڕوونی (ئەم...ە)ی بەکارهێناوە و لە باری ڕێزمانییەوە دروستتریشە. جیاوازیی سێیەم لەنێوان (پەردەوەش) و (پەردەکەش)دایە کە هەرچەندە لەباری ماناییەوە جیاوازن بەڵام هیچ بەڵگەیەک بۆ هەڵە بوونی یەکێکیان شک نابەین.
٣- لە دێڕی پێنجەمدا، مامۆستا سەججادی لە جێی (ماچان)، (ئووشن) و لە جێی (چێشە)، (ڕایچە=ئەڕای چە یان ڕای چەگە) و لە جێی (جێگە)، (دیدەی) داناوە. بە لەبەرچاوگرتنی زاڵ بوونی ئەدەبی گۆران بەسەر سەید یاقۆدا، ئەوانەی مامۆستا دروست نەبن؛ بەڵام بەگشتی ئەگەر چاوی تەڕ بە سوێراوی فرمێسک لەگەڵ شۆرەزەمین بەراورد بکەین، ڕەنگە (دیدە)ی مامۆستا سەججادی لە (جێگە) دروستتر بێت. هەروەها لەو دێڕەدا سەججادی، بابە مەردۆخ و خەزنەدار (ڕماوە)یان نووسیوە و لەوەی سوڵتانیشدا کە بە پێی ڕێنووس دیار نییە چۆنە، کە بەڕای ئێمە (ڕەماوە) دروستە. لە ئەو بەیتەدا وشەیەک بە شێوەی (چەرنی=چەڕنی=چەررنی=چرنی) هاتووە کە ماناکەیم بۆ نەدۆزرایەوە، بەڵام ڕەنگە وشەی (چەرننەی=چەرندەی) بێت کە بە ڕێنووسی کۆن بەو شێوەیە نووسرابێت و لەبەر کێشەکەی بە (چەرنەی=چە-ر-نەی) بخوێنرێتەوە.
٤- بەیتی شەشەم، هێشتا لەسەری ساغ نەبووینەتەوە!
لە بەیتی حەوتەمدا، بە پێچەوانەی ئەوەی سوڵتانی کە (دەیر)ی نووسیوە، (مێراو=محراب) لەگەڵ کەلام و مزگەوت و کتاودا یەک دەگرێتەوە و بۆیە بەڕای ئێمە (مێراو) دروستترە.
بەیتی هەشت، لە سەججادی و بابەمەردۆخدا نییە.
لە بەیتی نۆیەمدا، خەزنەدار و سوڵتانی (ماچوون)یان لە جێی (ماچان) بە کار هێناوە، کە هەڵەیەکی زەقی ڕێزمانییە. 

سەرچاوەکان- بۆ دیتنی وێنەکان لەسەریان کرتە بکە.
ئەو شیعرە لە دیوانە چاپکراوەکەی موحەممەد عەلی سوڵتانی-دا:


بابەمەردۆخی ڕۆحانی، لە (تاریخ مشاهیر کرد)دا ئاوا باسی سەی یاقۆ دەکات:




 مامۆستا عەلائەددین سەججادی، لە مێژووی ئەدەبی کوردی دا:






نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

بەیتی شێخ مەند و شێخ ڕەش

زمان- پەیوەندیی ڕەگی ڕابوردوو و ڕانەبوردوو لە زمانی کوردیدا ٣

دڵە دامەنی- دیوانی سەید یاقۆی ماهیدەشت، بەشی یەکەم